سۆران سرێشمەیی ـ خەلیفان:
یاریزانێكی دێرینی سنووری شارەدێی خەلیفان ـە، ناوێكی دیار و ناسراوی سرێشمە و دەوروبەریەتی، پێشووتر یاریزانی تیمی تۆپی بالەی یانەی وەرزشی هەولێر بووە، لە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ یانەی وەرزشی هەولێر توانیویەتی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەدەست بهێنێت. ئەو یاریزانە دێرینە بەداخەكە بەهۆی لاوازی توانای دارایی نەیتوانیوە لەگەڵ یانەی وەرزشی هەولێر بەردەوام بێت، هاوكات داواكارە هۆڵێكی وەرزشی بۆ وەرزشوانانی سنوری ناحیەی خەلیفان درووست بكرێت.
لوقمان مەلا ناسراو ” بە گرژۆ” لەدایك بووی ساڵی ١٩٧٣ــی گوندی سرێشمەیە لە ناحیەی خەلیفان، خێزاندارەو خاوەنی سێ كچ و كوڕێك ـە، لە ساڵی ١٩٩٣ چۆتە نێو دونیای وەرزش و بەتایبەتیش یاریی تۆپی بالە، كەم كەس هەیە لە سنوری ناحیەی خەلیفان و بگرە شوێنەكانی دیكەیش چێژی لە یاریی كردنی گرژۆ نەبینیبێت و دیمەنی بڵندبوونی بۆ سەر تۆڕو وەشاندنی تۆپ بۆ ناوەندی یاریگا لەبەر چاو نەبێت. لە دیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ زاری كرمانجی ئەو یاریزانە دێرینە باس دەستپێك و كۆتا ساتەكانی كاروانی وەرزشی خۆی دەكات و دەڵێت:” لە ساڵی ١٩٩٣ وەك یاریزانی تۆپی بالە هاتمە نێو جیهانی وەرزشی و، هەموو ئێوارەیەك لە گەڵ گەنجانی ئاوایی لە دەرووبەری گوند ئەو یارییەمان ئەنجامدەدا، دواتر چەند یارییەكی دۆستانەمان لەگەڵ تیپەكانی تری ناوچەكە ئەمجامداو خۆشبەختانە هەر زوو تواناكانم و شێوازی یاریكردنم بووە جێی سەرەنجی ئەوانەی لەو وەرزشە شارەزان، دوای ماوەیەك یانەی وەرزشی شەقڵاوە بۆندێكیان پێشكەشكردم و چەندین یاریم لەگەڵ ئەو یانەیە بەسەركەوتووی ئەنجامدا، ئەمە بووە هۆی ئەوەی پتر بناسرێم و زۆری نەبرد یانەی هەولێر منی بۆ ڕێزی یانەكە كەمەندكێشكردو لە ساڵی ٢٠٠٨ بەشداری خولی تۆپی بالەی عێراقمان كرد و، توانیمان پلەی یەكەم لەسەر ئاستی وڵات بەدەست بهێنین، بەداخەوە بەهۆی لاوازی توانای دارایی نەمتوانی لەگەڵ یانەی هەولێر بەردەوام بم.”
گرژۆ، زیاتر گوتی: “دواتر ئەوەی یانەی وەرزشی خەلیفان دامەزرا پەیوەندیم بەو یانەوە كرد و، دوای زنجیرەیەك سەركەوتن توانیمان پلەی یەكەم لەسەر ئاستی سۆران بەدەستبهێنین و، بەشداری خولی كوردستان بكەین و ببینە پاڵەوانی خولەكە، دواتر بەهۆی پێكانی بەردەوام و هەڵكشانی تەمەن لە ساڵی ٢٠١٠ بە یەكجاری وازم لە یاریی كردن هێنا.”
سەبارەت بە گلەی و داواكارییەكان ئەو یاریزانە دێرینە ئاماژەی بەوە كرد: “پێویستە هۆڵێكی داخراوی وەرزشی بۆ وەرزشوانانی سنوری ناحیەی خەلیفان درووست بكرێت، چونكە كۆمەڵێك یاریزانی بەتوانا لەو ناوچەیە هەن، هەروەها ڕێز لە یاریزانە دێرینەكانیش بگیرێت و ماندووبوون و خزمەتی ئەوان نادیدە نەگیرێت و بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو یاریزانانە بواری وەرزشی لە هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆوە ببینێت .”
سنووری شارەدێی خەلیفان، وەك كانگاییەك بۆ بونیاتنانی یاریزان لە هەردوو یاریی تۆپی بالە و تۆپی پێ، مێژوویەكی دێرینی هەیە و بەردەوام یانەكانی دەڤەر كەڵكیان لە ئەزموونی بەهرەكانیان وەرگرتووە. لەئێستادا دوای چەن ساڵێك بێهیوایی مۆڵەتی یانەی خەلیفان بە هەوڵی كۆمەڵێك خەمخۆر گەڕێندراوەتەوە، چاوەڕێ دەكرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هەوێنی بوژاندنەوەی رەوشی وەرزش لە دەڤەرەكە.
