زاری كرمانجی – سۆران:
حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە بەشەخۆراکی مانگانەی خاوەن پێداویستی تایبەت و چاودێریی کۆمەڵایەتی زیاد بکات، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کار دەکەین کە ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و بە شێوەی مەبدەئی ڕەزامەندی دراوە کە لە عێراق لەم مانگە بۆیان زیاد دەکرێت.
دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: ”ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بازرگانی لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەین و لە هەوڵداین بۆ ئەوەی خاوەنپێداویستیی تایبەت و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لەو پێشنیارەی حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان سوودمەند بن.”
دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی: ”سەردانی وەزارەتی بازرگانی و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی عێراقمان کردووە و لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمیش لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و ڕەزامەندیی سەرەتاییش هەیە، چونکە ئەوانەی عێراق لەم مانگەوە بەشەخۆراکیان زیاد دەکرێت و کار دەکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.”
هەر لەم بارەیەوە، بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”بڕیارە بەشەخۆراکی مانگانەی خاوەنپێداویستیی تایبەت و چاودێریی کۆمەڵایەتی زیاد بکرێت و ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.”
نەوزاد شێخ کامیل ڕوونیشی کردەوە: ”ئەو ماددانەی زیاد دەکرێن، لیترێک زەیت و یەک کیلۆ شەکر و کیلۆیەک ئاردی سفر و200 گرام دەرمان چا و250 گرام شیرە و ئێستا کار دەکەین لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی لیستی ناوەکان ئامادە بکەین کە لای ئەوان ناوی هەموویان هەیە تاکوو لەو بڕیارە سوودمەند بن و ڕەوانەی بەغدا بکرێن و ئەو بڕیارە ئەوانیش بگرێتەوە.