زاری کرمانجی – تەکنەلۆژیا
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئینتل لە میانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا لێدوانی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە پیشەسازی چیپ و دۆخی ئێستای دا.
مات گێلسینگەر باسی لە بابەتگەلێکی جۆراوجۆر کرد کە یەکێک لەوانە زنجیرەی دابینکردنی چیپەکان و کێشەی کەمیی چیپەکانی جیهانی بوو.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە چۆن هاوسەنگی لە نێوان کەمکردنەوەی تێچووی کورتخایەن و زیادکردنی وەبەرهێنانی درێژخایەندا هەبێت، گێلسینگەر وتی کە نابێت ڕێگە بدرێت خولگە ئابوورییە کورتخایەنەکان سێبەر و کاریگەرییان لەسەر بڕیارە ستراتیژییە درێژخایەنەکان هەبێت.
کۆمپانیای ئینتل بەنیازە دوو کارگەی گەورەی چیپ لە ئەمریکا دروست بکات کە بەهای کۆی گشتییان ٢٠ ملیار دۆلارە و ئەمەش یەکێکە لەو بڕیارە ستراتیژیانەی کە گێلسینگەر لە کاتی وتارەکەیدا باسی کرد.
بەڵام بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئینتل پێی وایە لە پەرەپێدانی کارگەی چیپ و باشترکردنی زنجیرەی دابینکردنی ئەم پیشەسازییە گرنگەدا، پێویستە حکومەتەکان هەنگاو بنێن و پاڵپشتی دارایی کۆمپانیاکان بکەن.
پاشان گێلسینگەر لە درێژەدا ئاماژەی بە پرسی گواستنەوەی زنجیرەی دابینکردنی بەرهەمهێنانی چیپ بۆ وڵاتانی وەک ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپی کرد و وتی کە ئەمە کارێکی باشە و دەتوانێت پشتبەستنی ئەو وڵاتانە بە وڵاتانی وەک تایوان و TSMC کەم بکاتەوە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئینتێل هەروەها ڕایگەیاندووە کە پێویستە هاوسەنگی لە زنجیرەی دابینکردنی چیپەکاندا هەبێت و پێویستە بەرهەمهێنانی ئامێر و پارچەی پەیوەندیدار لە هەموو بەشەکانی جیهان ببینین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی کێشەی کەمی چیپ و پەککەوتن نەبین لە داهاتوودا.
بە گوتەی گێلسینگەر، بەم زووانە پیشەسازی چیپ جێگەیەکی زۆر گرنگ لە ئابووری جیهانیدا دەدۆزێتەوە و پێویستە حکومەتەکان بە جددی پشتگیری ئەم پیشەسازییە بکەن بۆ ئەوەی فراوانبوونی لە سەرانسەری جیهاندا ببینن.