شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
بریتییە لە رێژەیەكی زۆری چەوری زیاتر لە رێژەی ئاسایی خۆی لە خوێندا و جگەر كۆلیسترۆڵ دروست دەكات، كە یارمەتی هەرسكردنی خۆراك و دروستبوونی هۆڕمۆنەكان دەدات، هەروەها كۆلیسترۆڵ دەتوانرێت لە رێگەی خواردنی وەك گۆشتی سوور و هەندێك خواردنی تر بەدەست بهێنرێت، كاتێك جگەر دەتوانێت بڕی پێویست لە كۆلیسترۆڵ دروست بكات، كەواتە ئەو بڕە كۆلیسترۆڵەی لە رێگەی خۆراكەوە بەدەست دەهێنرێت زیادەیە، زیادبوونی رێژەی كۆلیسترۆڵ زیاتر لە رێژەی ئاسایی خۆی لە خوێندا مەترسیدارە، دەكرێ ببێتە هۆی گیرانی خوێنبەرەكان و رێگری لە چوونی خوێن بۆ ئەندامەكانی جەستە بكات، ئەگەر هەیە ئەمەش ببێتە هۆی زیانگەیشتن بە ئەندامەكان بەهۆی نەچوونی خوێن بۆ ئەو ئەندامانە، چەوری خراپ (Bad cholesterol) خراپترین جۆری چەورییەكانە، چونكە دەبێتە هۆی رەقبوون و نیشتنی چەوری لە خوێنبەرەكاندا و رێگری لە جووڵەی خوێن بەناو خوێنبەرەكاندا دەكات، دەكرێت ئەمەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك زیاد بكات.
جۆرەكانی چەوری شین؟
-چەوری خراپ: ئەم جۆرەی چەوری بە چەوری خراپ ناسراوە، چونكە لە خوێنبەرەكاندا دەنیشێت و دەتوانێت زیانی گەورە بە ئەندامەكان بگەیەنێت.
-چەوری بەسوود: ئەم جۆرەیان پێی دەوترێت چەوری باش، چونكە چەوری بۆ جگەر دەگوازێتەوە، دواتریش لە رێگەی جگەرەوە لەش لەو كۆلیسترۆڵە زیادەیە رزگار دەكرێت.
مەترسییەكانی بەرزی رێژەی چەوری لە خوێندا
ئەم حاڵەتە ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت، دەكرێ مەترسی زۆر بۆ سەر جەستە دروست بكات، ئەگەر چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی بڕێك لە چەوری و نیشتنی لەناو لوولەكانی خوێندا، دواتر دەبێتە هۆی رێگریكردن لە گواستنەوەی ئۆكسجین و خۆراكە ماددەكان بۆ ئەندامەكانی جەستە و دروستكردنی ئەم مەترسییانە لەوانەش:
-جەڵتەی دڵ و مێشك یان لەناكاو وەستانی دڵ
-نەخۆشی خوێنبەری تاجی
-نەخۆشی لوولە بچووكەكانی خوێن
ئایا هیچ ئاگاداركردنەوەیەك بۆ بەرزی رێژەی كۆلیسترۆڵ هەیە؟
هەندێك خەڵكی كاتێك رێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێنیاندا بەرز دەبێتەوە هیچ نیشانەیەكیان نییە، بەڵام ئەو كەسانەی كێشەی بۆماوەیی بەرزی رێژەی كۆلیسترۆڵیان هەیە، هەندێك پەڵەی چەوری لە پێستیاندا یان بازنەی چەوری لە دەوری رەنگێنەی چاویان دروست دەبێت، قەڵەوی دەكرێت نیشانەیەكی تری بەرزی رێژەی كۆلیسترۆڵ بێت.
ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی بەرزی رێژەی كۆلیسترۆڵ.؟
-جگەرەكێشان و خواردنەوەی بڕێكی زۆری كهول
-ئەو خواردنانەی بڕێكی زۆر چەورییان تێدایە، خواردنی پەنیر، گۆشتی سوور و زەردێنەی هێلكە، وەرزش نەكردن، دانیشتنی زۆر و زیادبوونی كێش.
-زیادبوونی فشاری دەروونی
-كێشەی بۆماوەیی كە دەبێتە هۆی نائاسایی بوونی رێژەی كۆلیسترۆڵ.
-نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەكان
-نەخۆشی ئایدز
-نەخۆشی غودەی تەمبەڵ
چارەسەرییەكان چین؟
بۆ هەندێك خەڵك چارەسەرییەكان تەنها بریتین لە گۆڕینی شێوازی ژیانیان، بەڵام بۆ هەندێك كەس سەرەڕای گۆڕینی شێوازی ژیانیان پێویستیان بە بەكارهێنانی دەرمان دەبێت، هەندێك لە چارەسەرەكان بریتین لە:
-وەرزشكردن
-وازهێنان لە جگەرە
-خەوێكی تەندروست لە شەوان بەلایەنی كەم 7 كاتژمێر بێت
-هێشتنەوەی فشاری دەروونی لە ئاستێكی كۆنترۆڵكراودا
-كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كهول
-خواردنی تەندروست و كەمكردنەوی كێش بۆ كێشێكی تەندروست
بۆ ئەو كەسانەی كە گۆڕینی شێوازی ژیان بە تەنها ناتوانێت چارەسەركەر بێت و پێویستییان بە بەكارهێنانی دەرمان دەبێت، بەزۆری دەرمانی ستاتین بەكاردێت، ئەم دەرمانە رێژەی كۆلیسترۆڵی خراپ لە خوێندا كەم دەكاتەوە، جگە لە كەسانی بە تەمەن دەكرێت منداڵەكانیش تووشی ئەم حاڵەتە ببن، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی لە خێزانەكانیاندا ئەم كێشەیە هەیە، منداڵان و گەنجان پێویستە پێنج ساڵ جارێك پشكنین ئەنجام بدەن، لە تەمەنێكی گەورەتردا ساڵێك یان دوو ساڵ جارێك پێویست بە ئەنجامدانی ئەم پشكنینانە دەكات.
سەرچاوە:سایتی زانیاری