یاریزانی پیشەگەری یانەی سۆران “ئیدریس حسێن، یەكێكە لەباشترینەكان كە یاریم لەپاڵدا كردووە”
سەردار قازی ـ سۆران:
یاریی بۆ ژمارەیەك یانەی دیاری عێراق كردووە، بەڵام رۆحیەتی بەرزی میوانداری سۆران وایكردووە ئیشقێك بەپایتەختی شەهیدانی ببەستێتەوە، كە دابڕان لێی مەحاڵ بێت.
ئەو دەیتوانی لەزێدی خۆی لەنزیك خانەوادەكەی لەیانەیەكی دەوروبەری شارەكەی یاریی بكات، بەڵام غوربەتی هەڵبژارد و باوەشی بەدرێسی سۆران كرد.
ئەحمەد سەلام، یەكێكە لەناوە باڵاكانی كوردستان و عێراق، ئەوەی جارێك ئەحمەدی لەسەر لاكێشەی سەوز دیبێ، گەواهی لێهاتوویی و توانای لەرادە بەدەری ئەو مایستڕۆیەی هێڵی ناوەڕاست دەدات.
دووەم وەرزیەتی لەخولی نایاب بەدرێسی یانەی سۆران، ئەو كۆلەكەیەكی سەرەكی پلانەكانی راهێنەرە، لەم دوو وەرزە هەر راهێنەرێك لەسەر هێڵی یاریگەی سۆران وەستابێت، نەیتوانیوە بەبێ دانانی ئەحمەد لەپێگەی سەرەكی، یاریی بكات بەردەوام ئەحمەد و 10 یاریزانی دیكە پارێزگاریان لەدرێسی یانەی سۆران كردووە.
ئەحمەد سەلام، پیشەگەرێكی بەڕەگەز عەرەبە، تەمەنی 26 ساڵانە، و دوو وەرزە هێز بەهێڵی ناوەندی یانەی سۆران دەدات. زاری كرمانجی، ئەحمەدی بەسەر كردەوە وەڵامی كۆمەڵێك پرسیاری لێوەرگرت.
ئەحمەد سەلام، لەسەرەتای گووتەكانیدا كەوتە سەرەتای دەستپێكردنی و گووتی: “یارییم بۆ كۆمەڵێك یانەی دیاریی عێراق كردووە، وەرزی 2015-2016 یاریزانی شوڕتە بووم، دواتر لە 2017 روومكردە ریزی یانەی حدوود، وەرزێك دواتر هاتمە هەرێمی كوردستان و درێسی یانەی زاخۆ ـم بەرزكردەوە.
دوای وەرزێك لەیاریی كردن، گەڕامەوە باشوور و بوومە یاریزانی یانەی نەجەف، وەرزێكم لەوێ تێپەڕكرد و گەڕامەوە ریزی زاخۆ، لەدوای یانە كوردییەكە پەیوەندی ـم بەیانەی مینا كرد.”
ئەو ناوەڕاستكارە درێژەی پێدەدات: “پێكان نەیهێشت لەخولی نایابی عێراق درێژە بەیاریی كردن بدەم، بۆیە ساڵی 2021 روومكردە یانەی سۆران، ئەمساڵیش دووەم وەرزمە لەگەڵ ئەو یانەیە.”
باسی پەیوەندیكردن بەیانەی سۆران دەكات: “هاتنم بۆ ریزی یانەی سۆران، لەسەر داوای بەرپرسانی یانەكە بوو، لەگەڵ رێز و خۆشەویستی زۆرم بۆیان.”
چۆن دەستیپێكردووە ؟ باسی ئەوەیش دەكات: “لەتیمە سەرەتاییەكانی تەمەن لە یانەی شوڕتەی عێراقی دەستمپێكرد.”
درێسی ژمارە 10 بۆ ماوەی پازدە وەرز موڵكی ئیدریس حسێن، كۆدی یانەی سۆران بوو كە ئێستا یاریی بۆ یانەی رواندز دەكات. بڕیار بوو بەهیچ یاریزانێك نەدرێت، بەڵام دواتر بەبەر ئەحمەد سەلام بینرا، ئەو یاریزانە پیشەگەرە روونیدەكاتەوە: “من یەكێكم لەوانەی بەسەختی سەرسامی تواناكانی ئیدریس حسێن ـم، سەرەتا داوام لێنەكرد بەڵكو لەلایەن رەفیق سەعید، راهێنەری یانەی سۆران، ئەو ژمارەیەم پێدرا زۆر سوپاسی ئەكەم. رەفیق سەعید، كەسێكی لێهاتووە لەكارەكەی.”
ئاماژە بەوەشدەدات: “دوای وەرگرتنی ژمارەكە پەیوەندیم بە ئیدریس حسێن كرد، و پێم گووت گەر بیەوێ من نایپۆشم، بەڵام ئەو پێی گووتم كە بیپۆشم و لای ئاساییە.”
لەدیدی ئەحمەد سەلام، تۆپی پێ لەهەرێم پێڤشەچووە: “تۆپی پێی خولەكانی كوردستان، پێشڤەچوونی بەخۆیەوە بینیوە، لێرە یاریگەی باش هەن و سەرجەم یانەكان لەسەر پێگەكانی پێشەوە ركابەری دەكەن.”
ئەحمەد، لەئاخاوتن ناوەستێ و باسی جوانترین یادگاری خۆی لەنێو لاكێشەی سەوز دەكات: “ئەوەندەی لەیادگەمدا ماوە جوانترین گۆڵم لەتۆڕی یانەی زەوڕای عێراقی بوو بەدرێسی یانەی زاخۆ. هاوكات باشترین مامۆستای ژیانم باوكم بوو، كە بەداخەوە كۆچی دوایی كردووە.”
ناوی باشترینەكان ئاشكرا دەكات، كە یاریی لەپاڵ كردوون.
بڕبڕەی پشتی یانەی سۆران دەڵێت: “باشترین یاریزان كە لەخولەكانی كوردستان یارییم لەپاڵدا كردوون، بریتین لە ئیدریس حسێن و سەیف حەمو ـن، لەسەر ئاستی عێراق ـیش، عەلی رەشید و محەممەد جەواد.”
لەدوا ئاخاوتنەكانیدا سەبارەت رێگری یانەی سۆران لەرۆیشتنی دەدوێت: “سەرەتای ئەم وەرزە ویستم ئەزموونێكی تازە ببینم، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی یانەكەوە رێگریم لێكرا، چونكە وەرزی رابردوو ئاستێكی نایابم پێشكەشكرد، ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی دەستبەردارم نەبن، منیش بەمانەوە لەریزی ئەم یانەیە خۆشحاڵم.”
ئەحمەد سەلام، لەم وەرزە بەشداری 15 یاریی یانەكەی كردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەشدارییەكی لەگۆڵەكانی یانەكە نەبووە.