مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
هیوای تەمەن 16 ساڵان ی کۆڵبەر دوای ئەوەی ڕێگاکەی ون دەکات و لە هاوڕێکانی دادەبڕێت، بە هۆی بەفر و سەرمای زۆری ناوچەکە رەقبوهتهوه و گیانی لە دەستدا.
ئەمە چیرۆکی گیان لە دەستدانی یازدەمین مێردمنداڵی کۆڵبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە ماوەی تەنیا ساڵێک.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، 19 – 1 – 2023 هیوا ئیختیارە دینی تەمەن 16 ساڵ، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری بانە بەهۆی سەرماوە ڕەقی بردەوە و گیانی لەدەست دا.
هیوا خەڵکی شارەدێی “ئارمردە”ی شاری بانەیە، ئەو ڕۆژە بەهۆی تاریکییەوە سەری لێ دەشێوێت و ڕێگە ون دەکات و لە هاوڕێکانی جیا دەبیتەوە، هەر بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2022 ی زایینیدا 290 کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە 11 یان منداڵن و تەمەنیان ژێر 18 ساڵ بووە.