وەرزش ـ زاری كرمانجی:
لە پێشهاتێكی چاوەرواننەكراودا، یانەی یۆڤێنتۆس بەتوندی لەلایەن دادگای باڵای ئیتاڵیا ـەوە سزا درا.
هۆكارەكەی بوونی چەند دەستكەوتێكی دارایی بووە لەلایەن یانەی یۆڤێنتۆس، بۆیە ژمارەیەك خاڵی لە سێریا ئەی لێ كەمكرایەوە، هاوكات چەند كەسایەتییەكی یانەكە راگیران.
چەند رۆژێك پێش ئێستا، داواكاری گشتیی ئیتاڵیا داوای كردبوو لێكۆڵینەوە لەگەڵ یۆڤێنتۆس و 8 یانەی دیكە بكرێتەوە سەبارەت بە پرسی بەرزبوونەوەی سەرمایە بە شێوەیەكی نایاسایی.
لە بریاری دادگاكەدا، بە فەرمی لەم وەرزەدا 15 خاڵ لە یانەی یۆڤێنتۆس لە خولی ئیتاڵی كەمكرایەوە بەمەش یانەكە چەند پلەیەك لە ریزبەندی خولەكە دادەبەزێت.
جگە لەم بڕیارە، چەند كەسایەتییەكی یانەكە بۆ چەند ساڵێك بە شێوەی جیاواز راگیران و لەسەرووی هەموویان، راگرتنی ئەندریا ئەنێلی سەرۆكی یانەكە بۆ ماوەی دوو ساڵ، فابیۆ باراچی بەڕێوەبەری وەرزشی پێشوو بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو، جگە لەمانە، ئاریفباینی سەرۆكی جێبەجێكار بۆ ماوەی دوو ساڵ سڕكرا.
ئەو راگیرانە دەڤید نێدڤیدیشی گرتەوە و، بۆ ماوەی 8 مانگ لەجوڵە خرا.
بەگوێرەی ئەم بڕیارە بێت، خانمە پیرەكە لە پلەی چوارەمەوە بۆ پلەی دەیەم دابەزی و خاڵەكانی لە 37ـەوە كەمكرانەوە بۆ 22 خاڵ.
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی بڕواپێكراوی ئیتاڵی دەڵێت: “یانەكە ماوەی سێ رۆژی لەبەردەمە، بۆ ئەوەی تانە لەبڕیارەكە بدات، بەپێچەوانەوە گۆڕانكاری تێدا ناكرێت.”