زاری كرمانجی- سۆران:
له چوارچێوه‌ی به‌شداریكردنی له كۆڕبه‌ندی جیهانی داڤۆس، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ڤپه‌یڤینێكی رۆژنامه‌وانیدا، ده‌ستخۆشی له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كرد بۆ ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان به تاوانی جینۆساید و رایگه‌یاند، هیوادارم به كرداریش به‌شدار بن له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری ئێزدییه‌كان. له باره‌ی بودجه‌ی عێراقیشه‌وه گوتی: ئێمه سه‌رنجی خۆمان داوه‌ته به‌غدا و هیوادارین به زوویی بودجه‌ی عێراق په‌سند بكرێت.
ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه
- جیاوازی به‌شداریكردنی ئه‌مساڵتان له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو چی بوو؟
مه‌سرور بارزانی:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ی و میهره‌بان، رێگه‌م بده‌ن سه‌ره‌تا سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه و كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و رووداوه دڵته‌زێنه بكه‌م، كه دوێنێ شه‌و له سه‌ر رێگه‌ی نوسه‌یبین بۆ مێردین روویدا. سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری قوربانیان ده‌كه‌م و هیوادارم خوای گه‌وره سێبووری هه‌موو لایه‌ك بداته‌وه و جێی قوربانیانیش به‌هه‌شت بێت.
هه‌روه‌ها بیستم په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كۆمه‌ڵكوژی جینۆسایدی ئێزدییه‌كانی به جینۆساید ناساندووه، ده‌ستخۆشی له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا و پێشتریش په‌رله‌مانه‌كانی به‌لجیكا، فه‌ره‌نسا و هۆڵه‌نداش ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌مانه ته‌نیا بڕیاری په‌رله‌مان نه‌بن، به كرده‌وه به‌شداری له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری خوشك و برایانی ئێزدی بكه‌ن.
بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ش، ئه‌م كۆڕبه‌نده ئه‌مساڵ 2500 كه‌س تێیدا به‌شدار بوون له وڵاتانی جیهانه‌وه و بابه‌ته گرنگه‌كان باس كران. بابه‌تی وزه‌ی خاوێن و وزه‌ی جێگره‌وه، هه‌روه‌ها بابه‌تی ئاسایشی خۆراك،ئاسایش و سه‌قامگیری وڵاتان و ناوچه‌كان، به تایبه‌تی دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ و كێشه له ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها بابه‌تی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌رییه‌كانی قسه ده‌كرێت. ئێمه له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و خاڵانه له‌گه‌ڵ وڵاتان قسه‌مان كردووه.
كوردستان پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه، هه‌م له رووی وزه‌وه و هه‌میش له رووی خۆراكه‌وه. له رووی ئاسایش و سه‌قامگیریش پێشتر كوردستان رۆڵێكی كارای هه‌بووه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم و له دابینكردنی سه‌قامگیری له ناوچه‌كه.
ئێمه توانیمان په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ دۆسته كۆنه‌كانمان نوێ بكه‌ینه‌وه و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی نوێش په‌یوه‌ندی درووست بكه‌ین. له رووی ئابووریشه‌وه داوامان كردووه بێن روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و له رووی ئابووریی و ته‌نانه‌ت سیستمی بانكییه‌وه، كه ئێمه به‌رنامه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی ریفۆرمی بانكیمان هه‌یه وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و ئێمه‌ش هاوكار ده‌بین.
- به‌ره‌وپێشچوون هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ رێككه‌وتن و پێتان وایه ئه‌مساڵ بودجه بۆ هه‌رێمی كوردستان دێت، پرسیاری دووه‌میشم له باره‌ی به‌شداری نه‌كردنی یه‌كێتییه له كۆبوونه‌وه‌كانی حكومه‌ت و ئێوه چۆن ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن؟
مه‌سرور بارزانی:
سه‌باره‌ت به پرسیاری یه‌كه‌م، پێش ئه‌وه‌ی بێینه ئێره سه‌ردانی به‌غدامان كرد و پێش درووستبوونی حكومه‌تی به‌غداش ئێمه رێككه‌وتنمان كردووه و له باره‌ی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌وه قسه‌ی زۆرمان كردووه.
بابه‌ته‌كانی مادده‌ی سه‌دوچل و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال و داڕشتنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غاز قسه كراوه. چه‌ندین جار شاندمان چووه‌ته به‌غدا و له هه‌وڵی ئه‌وه‌داین یاسایه‌كی نوێی نه‌وت و غاز ده‌ربچێت، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ته‌ندرووست بن، ده‌بێت ئه‌و پرسانه له چوارچێوه‌ی یاسادا رێك‌بخرێن.
بۆ بودجه، ئه‌مه یه‌كه‌مجاره هه‌رێمی كوردستان بتوانێت به‌شداری بكات له داڕشتنه‌وه‌ی بودجه‌ی 2023 و ئێمه ئه‌وه‌ی لهئهستۆمان بووه، جێبه‌جێمان كردووه و بۆچوونی خۆمان به حكومه‌تی فیدراڵی گه‌یاندووه، هه‌ندێك بابه‌تی دیكه‌ی ناوخۆییان ماوه، هیوادارین به زوویی له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا بودجه‌كه په‌سند بكرێت و ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكرێت.