زاری كرمانجی – سۆران:
دەیان ھەزار ھاووڵاتی بەھۆی نەبوونی کاتی پێویست نەیانتوانی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکەشی حکوومەت بکەن و ئەندامێکی لیژنەی شارەوانییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ماوەی پێشکەشکردنی مامەڵەی خانووی زێدەڕۆ بۆ ساڵێک درێژ دەکرێتەوە.
زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەکان، ڕاگەیاند: “داوا لە پەرلەمانی کوردستان کراوە ماوەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ درێژ بکرێتەوە و ھەرسێ ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش نووسراویان ئاراستەی لیژنەی شارەوانییەکان کردووە، ئێمەیش وەک لیژنەی شارەوانی ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەوەی ماوەی پێشکەشکردنی مامەڵەی خانووی زێدەڕۆ بۆ ساڵێک درێژ بکرێتەوە و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کاری لەسەر دەکرێت.”
ئەندامەکەی لیژنەی شارەوانییەکان گوتیشی: “بەھۆی کەمیی ماوەی پێشکەشکردن ھێشتا ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتیانی خاوەن خانووی زێدەڕۆ نەیانتوانیوە مامەڵەکانیان پێشکەش بە یەکە ئیدارییەکان بکەن و ئەوەیش بووەتە ھۆی بێبەشبوونیان.”
زێدان برادۆستی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “دوای بانگەوازی حکوومەت ژمارەیەکی بەرچاوی مامەڵەی بەناوکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکەش بە فەرمانگەکانی حکوومەت کراون و ھاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە ھەر ھاووڵاتییەک پێشتر مامەڵەی پێشکەش کردبێت، مافی نافەوتێت و خانووەکەی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان تاپۆ دەکرێت.”