زاری کرمانجی – سیدەکان:
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچە سنووری و کوێستانەکانی دەڤەری برادۆستی کرد، ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان و گوندنشینان دروست کردووە.
ماوەی چەندین ساڵە، پەکەکە لەگەڵ تورکیا ناکۆکی سیاسییان هەیە، بەهۆی هەبوونی چەکدارانی پەکەکەش لەو ناوچەیە، بەردەوام تورکیا لە ڕێگەی تۆپ و فڕۆکە تۆپباران و بۆردومانی گوند و ئاوای و ناوچە سنووریەکانی قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات .
موڕشید برادۆستی پەیامنێری زاری کرمانجی له سیدەکان، رایگەیاند:” کاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند جارێک چیای بۆڵێ و دەوروبەری و گەرووی سنگانی بە چڕی بۆردومان کرد، هەرچەندە زیانی گیانی بەر هاووڵاتییانی سڤیل نەکەوتووە، بەڵام بۆردومانەکان ترس لای خەلک و گوندنشینان دروست دەکات .
زیاتر گووتی:” بۆردومانەکە بەمەستی لێدان بووە لە چەکدارانی پەکەکە، زەرەر و زیانەکانیانی ئەوان نەزانروە و تا ئامادەکردنی ئەو هەواڵە فڕۆ جەنگییەکانی تورکیا بە ئاسمانی دەڤەرەکە دەسوڕێنەوە .
قەزای سیدەكان كەوتۆتە سێگۆشەی سەرسنووری نێوان وڵاتانی كوردستان، توركیا و ئێران، خاوەنی 250 گوندە زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردمان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردوو بەهۆی پەكەكە و توركیا لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.