ن/ كارێز رەسول
ئاوهەوا زانستێكە باس لە بارودۆخی بەشی ژێرەوەی بەرگی گازی (چینی ترۆپۆسفیر) و دیاردەكانی دەكات لە ماوەیەكی درێژدا .
ئاو و هەوا لە ڕێگای توخمەكانییەوە وەك : پلەی گەرمی ، شێ ، با ، پەستانی هەوا ، تیشكی خۆر. كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستی مرۆڤ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا بەتایبەت بەهۆی گۆڕانی ڕەگەزەكانی ئاو و هەوا هەر بۆیە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك بەهۆی هاتنی شەپۆلی گەرمی و شەپۆلی ساردی ، لافاو و تۆفانەوە دەمرن.
1- تیشكی خۆر (Radiation) :
تیشكی خۆر بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەری كاردەكاتە سەر پێستی مرۆڤ بەتایبەتیش تیشكی سەروو وەنەوشەیی كە لە هەموو جۆرەكانی تری تیشك مەترسی دارترە ، وە لەهەمان كاتدا سوودیشی هەیە، بۆ نموونە : خۆدانە بەر تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی كەم لە كاتی بەیانیان و ئێواران كە تیشكی خۆر لارە ، یارمەتی دەر دەبێت بۆ دروستبوونی ڤیتامین (D) لە جەستەی مرۆڤ، بەڵام زۆر بەركەوتنی تیشكی خۆر دەبێتە هۆی (سووربوونەوەی پێست ، چرچ بوونی پێست، لاوازبوونی بەرگری جەستە) . كاریگەری تیشكی سەروو وەنەوشەیی بەپێی ڕەنگی پێست دەگۆڕێت واتە ئەم تیشكە زیاتر كاریگەری لەسەر پێستی سپی دەبێت ، چونكە هەستیارە ، بەڵام كەمتر كاریگەری لەسەر پێستی ئەسمەر و ڕەش دروست دەكات بەهۆی ئەوەی ماددەی میلانی زیاترە كە ڕەنگی پێست تاریك دەكات و چینی خوارەوەی پێست لە سوتان دەپارێزێت.
2- پلەی گەرمی (Temperature) :
پلەی گەرمی بەپێی وەرزەكان جیاوازە هەربۆیە ئەو پەتا و ڤایرۆزانەی بەهۆی پلەی گەرمیەوە بڵاو دەبنەوە لە وەرزێكەوە بۆ وەرزێكی تر جیاوازە بۆ نموونە : لە وەرزی زستاندا ئەنفلۆزا و گەروەخرە ، ئیلتیهابی گەروو ، كۆخە . باوە ، بەڵام لەوەرزی هاویندا نەخۆشیەكانی وەك كولێرا ، تیفۆ ، تای زەرد ، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆزە گواستراوەكان بەهۆی مێشولەوە . لە وەرزی بەهاردا نەخۆشیەكانی وەك : سورێژە ، حەساسیەت بڵاو دەبنەوە . هەربۆیە درووستبوونی شەپۆلی گەرمی و شەپۆلی ساردی كاریگەری زیاتری دەبێت بەسەر تەندروستی مرۆڤەوە .
أ – شەپۆلی گەرمی (Heat Waves) : هەركاتێك شەپۆلی گەرمی ڕوودەدات پلەی گەرمی لە ئاستی ئاسای خۆی زیاتر بەرزدەبێتەوە كە (4)° سلیزیە بۆماوەی چەند ڕۆژێك ئەم شەپۆلە بە پلەیەكی گەرمی بەرز بەردەوام دەبێت ، بەم هۆیەوە جەستەی مرۆڤ بەهۆی ئارەق كردنەوە بڕێكی زۆری شلە لە دەست دەدات هەربۆیە زیاتر هەست بە تینوەتی دەكات ، ئەم جۆرە شەپۆلانە زیاتر كاریگەریان هەیە لەسەر كەسانی (بەتەمەن ، منداڵان ، كەسانی نەخۆش) . هەربۆیە لەكاتی درووستبوونی ئەم شەپۆلە گەرمیە تیشكی خۆر بەر جەستە بكەوێت دەبێتە هۆی خۆر بردن Sun Stroke
ب – شەپۆلی ساردی (Cold Wave) : بریتییە لەو حاڵەتەی كە پلەی گەرمی دادەبەزێت لەو پلەی دیاریكراوە یان ئاساییە كە هەیە ، تەوژمی سارد زۆربەی كات لە وەرزی زستاندا لە ناوچەكانی بازنەی ناوەند و سەروو ڕوودەدات بەم هۆیەوە پلەكانی گەرمی دادەبەز بۆ ژێر (سفر)° سیلیزی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك ، بەم هۆیەوە مرۆڤ دووچاری سەرمابردن Forstbite دەبێت ، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكانی زستانە وەك : هەڵامەت ، كۆخە ، نەخۆشی دڵ ، ئیلتیهابكردنی جومگەكان .
3- شێ (Humidity) : بەرزی پلەی گەرمی و شێی زۆر ژینگەیەكی نا تەندروست بۆ مرۆڤ پێكدەهێنن ، بۆیە واباشترە كە مرۆڤ لەو ناوچانە دوور بكەوێتەوە كە بڕی باران بارینیان لە (1000) ملم زیاترە و پلەی گەرمی لە (25)° سیلیزی بەرزترە ، چونكە ئەم ناوچانە ژینگەیەكی تەواو لەبارن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكانی وەك : مەلاریا ، زەرتك . بە ڕێژەی (80 – 90%) نەخۆشی مەلاریا لە ئەفڕیقیا ڕوودەدات ، بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی و شێ و هەبوونی ڕووبەری ئاوی وەستاو یان كەم جووڵە ، مێشولەی مێینە كلیلی گواستنەوەی مەلاریایە ، وە بەڕێژەی (40%) ی دانیشتوانی جیهان لەو ناوچانە دەژین كە بە نیشتیمانی مەلاریا دادەنرێت .
4- پەستانی هەوا (Atmospheric Pressure) : پەستانی هەوا بەیەكێك لەو ڕەگەزانە دادەنرێت كە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ . بە بەرزبوونەوە لە ئاست ڕووی دەریاوە پەستانی هەوا كەم دەكات ، بە پێچەوانەشەوە بە نزمبوونەوە پەستانی هەوا زیاد دەكات ، یەكێك لەو گازانەی كە لەهەوادا هەیە و پێویستە بۆ ژیانی مرۆڤ ئۆكسجینە . لە بەرزی (2500 بۆ 3000) م . ڕێژەی ئۆكسجین (40% بۆ 50%) دادەبەزێت ، هەربۆیە بە بەرزبوونەوە لە (2500) م . زیاتر مرۆڤ هەست بە سەرئێشە و تەنگەنەفەسی شەكەتی و سەرسوڕان دەكات ، پەستانی خوێن بەرز دەبێتەوە .
5- با (Wind) : كاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ڕەفتارەكانی ، با كاردەكاتە سەر پلەی گەرمی ، بای سارد پلەی گەرمی نزم دەكاتەوە ، بای گەرم پلەی گەرمی بەرز دەكاتەوە .
هۆكارێكیشە بۆ بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی نەخۆشی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر ، بڵاوبوونەوەی خۆڵ و تۆوی ڕووەك و هەندێك لە ماددەكانی نێو ئەو تۆز و خۆڵەی با هەڵیگرتووە هۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی حەساسیەت و تەنگەنەفەسی و نەخۆشی چاو تێبینی كراوە كە بای گەرمی (فۆهن) لە ئەوڕوپا و بای گەرمی (شینۆك) لە ئەمریكای باكور . گۆڕانكاری گرنگ لە تەندروستی مرۆڤ و ڕەفتارەكانی دروست دەكەن كە دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵە ڕاوكێی و خەمباری و شەكەتی ، بەڵام بای سارد وەكو بای (مستڕال و بۆڕا) لە ئەوڕوپا هۆكارێكن بۆ سەرئێشە و زیادبوونی ئازاری جومگەكان .
كەواتە ، ئاوهەوا لە ڕێگای توخمەكانییەوە كاریگەری گەورەی لەسەر تەندروست مرۆڤ دروست كردووە ، بەتایبەتیش لەم چەند ساڵەی دووایدا بەهۆی ڕوودانی گۆڕانكاریە ئاوهەوایەكانەوە . ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە ئاواهەوا تەنها كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست نەكردووە ، بەڵكو كاریگەری لەسەر تایبەتمەندییە جەستەییەكان و ئەو خۆراكانەی كە دەیخوات ، جۆری ئەو خانوانەی كە تیایدا نیشتەجێبووە، دابەشبوونی مرۆڤ لەسەر زەوەی دروستكردووە بۆ نموونە: مرۆڤ كەمتر لە ناوچە ساردەكان نیشتەجێ بووە بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە ئاوا هەوایەكی سارد و سەختیان هەیە وە كەمتریش لەو ناوچە گەرمەكان نیشتەجێبووە ، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە ئاو و هەوایەكی گەرمیان هەیە .
هەربۆیە فراوانترین شوێن بۆ نیشتەجێبوونی دانیشتوان لە جیهاندا كەوتۆتە نێوان هەردوو بازنەی پانی ( 20 بۆ 60 ) نیوەگۆی زەوی كە بە ناوچەی سازگار ناسراوە .