هیوا كەبابچی: ناكرێت بەهۆی شكستەوە دەستبەرداری ئامانجەكانمان بین، بەڵكو تەنها پێویستە رێگاكە بگۆڕین
مەهدی محەممەد – ڕواندز:
تەمەنی پازدە ساڵ دەبێت، كاتێ لە یەكێك لە شوێنە گەشتیارییەكانی شار بە قاپ شووشتن دەست بەكاركردن دەكات و دوای ساڵێك كاركردن بە هۆی ماندوویەتی و كەمی دەستكەوتنی داهات، ناچار دەبێت واز لە كارەكەی بهێنێت، دواتر بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری، خێزانەكەی ناچار دەبن شارەكە بەجێ بهێڵن و ڕوو لە هەولێر بكەن، ئەمەش دەرفەتێكی باش دەبێت بۆ ئەو تا بتوانێ جارێكی تر دەست بكاتەوە بە كاركردن و ڕێگەی گەیشتن بە هێنانەدی ئامانجەكانی بگرێتەوە بەر.
هیوا كەیفی ڕەسول تەمەن 30 ساڵ بەو شێوەیە چیرۆكی ژیانی خۆی وەك گەنجێك بۆ زاری كرمانجی دەگێڕێتەوە و دەڵێ :” لە تەمەنی پازدە ساڵییەوە دەستم بە كاركردن كرد، سەرەتا لە شەنگلبانە و دواتریش لە هەولێر، ڕاستە ئەو كات بە تەمەن بچووك بووم، بەڵام ئیدی منیش ئەندامی خێزانێك بووم كە پێكهاتبوو لە حەوت كەس، بۆیە نەدەكرا هەموو ئەركەكە لەسەر شانی باوكم بێت، بۆیە هەر زوو هەستم بەو بەرپرسیارێتییە گەورەیە كرد و ویستم بە كاركردن ئەگەر داهاتێكی كەمیشی هەبێت لەلایەك هاوكاری باوكم بكەم و لەلایەكی تریشەوە لە هەندێك ڕووەوە پشت بە توانای خۆم ببەستم، ساڵی 2009 سەرەتا لە شەنگلبانە بە قاپ شووشتن دەستم بە كار كرد و دواتر كە ماڵمان چووە هەولێر لەوێ لە خواردنگەیەك بەردەستی وەستای كەبابچیم دەكرد، لەو كاتەوە هەستم كرد كارەكە لەگەڵ حەز و خولیایی من دەگونجێت، بۆیە حەزی فێربوونم زیاتر بوو، هەمیشە لەو ئەركەی بۆم دیار كرابوو زیاتر كارم دەكرد، تا باشتر و جوانتر فێری كارەكە ببم، ئەوە بوو بە ماوەیەكی كەم توانیم دڵی خاوەن كارەكە بە دەست بهێنم و ببمە وەستای كەباب لێدان،”
هیوا ماوەی حەوت ساڵ لەو خواردنگەیە كار دەكات و دواتر بڕیار دەدات بگەڕێتەوە شارەكەی خۆی و لەوێ كاری سەربەخۆ بكات و خواردنگەیەكی بچووك بكاتەوە:” دوای حەوت ساڵ كاركردن لەو خواردنگەیە و كۆكردنەوەی بڕە پارەیەك، بیرم كردەوە كە پێویستە بگەڕێمەوە ڕواندز و ببمە خاوەن كاری سەربەخۆی خۆم، ئەوە بوو هاتمەوە ئێرە و ساڵی 2018 ئەو خواردنگەیەم كردەوە،”
چێشتخانە و كەبابی هیوا لەسەنتەری بازاڕی شاری ڕواندز، مشتەرییەكانی هەر تەنیا خەڵكی شار نین، بەڵكوو لە هەولێر و سلێمانی و شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش سەردانی دەكەن، چێشتخانەیەك كە پێشتر تەنیا دوو دووكان بوو، بەڵام ئێستا خواردنگەیەكی گەورە و جوانی نێو بازاڕە، هیوا دەڵێ:” ئەو خواردنگەیە سەرەتا تەنیا دوو دووكان بوو، بەڵام هەمیشە خواستی ئەوەم هەبوو پەرە بە كارەكە بدەم و گەورەتری بكەم، بەردەوام پارەم خەرج كردووە تا ئێرەم هێناوە و هەمیشە هەوڵ دەدەم جوانترین خواردنگەی شار بێت و باشترین خواردن پێشكەش بە میوانان بكەم، بۆ ئەوەی هەر كاتێك میوانێك هاتە ڕواندز بڵێ خۆشترین خواردنم خواردووە و باشترین پێشوازیم لێ كراوە،”
چێشتخانە و كەبابی هیوا لە ئێستادا زیاتر لە چل جۆر خواردنی جۆراوجۆری هەیە و دەرفەتی كاری بۆ چەند گەنجێكی تر ڕەخساندووە، هیوا دەڵێ:” نزیكەی 40 جۆر خواردنمان هەیە و لە ئایندەش بەرنامەم هەیە خواردنەكانی كۆنی كوردەواری زیاتر بكەم، چونكە مشتەرییەكانم تەنیا خەڵكی شار نین، بەڵكوو لە هەولێر و سلێمانی و خەڵكی عەرەبیش سەردانمان دەكەن و هەمیشە داواكاریان لەسەر خواردنی كوردەواری هەیە، لەگەڵ ئەوەش دەرفەتی كارم بۆ زیاتر لە هەشت گەنج ڕەخساندووە و ئێستا لە خواردنگەكەی من كار دەكەن و لە وەرزی هاوین و گەشتیاریشدا ڕێژەییان بۆ نزیكەی 20 گەنج بەرز دەبێتەوە، هەروەها چەندین گەنج لێرە فێری كار بوونە و ئێستا لە شوێنی تر بۆ خۆیان كار دەكەن،”
هیوا باس لەوە دەكات چەندین جار لە كارەكەیدا شكستی خواردووە و زیانی بەركەوتووە بەڵام ئەوە دەڵێ:” سەرەڕای ئەوەی چەندین جار شكستم خوارد لە كارەكەدا و زەرەری زۆرم كرد لە ڕووی ماددییەوە، بەڵام هیچ كاتێك دەستبەرداری ئامانجەكەی خۆم نەبووم و نەمگۆڕی، بەڵكوو تەنیا ڕێگاكانم گۆڕی و سەركەوتووش بووم،”
هیوا باس لە كێشەیەكی گەورەی خاوەنكارانی شار دەكات كە لە وەرزی هاویندا، گەشتیاران ناهێننە نێو بازاڕی شار، بۆ ئەوەی بەشێك لە داهاتی ئەوان بۆ خاوەنكارانی بازاڕ بێت و دەڵێ:” بەداخەوە لە وەرزی گەشتیاریدا كارێكی وا نەكراوە گەشتیاران بهێنرێنە نێو بازاڕ و بەشێك لە داهاتی ئەوان بۆ بازاڕ بێت، ئەوە كێشەی هەموو دووكاندار و خاوەن كارانی ناو بازاڕی شارە، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار خەمێك لەو كێشەیە بخوات و كارێكی وا بكەن لە وەرزی گەشتیاریدا بەشێك لە گەشتیاران بهێنرێنە نێو بازاڕ، چونكە بە هاتنی گەشتیار بۆ نێو بازاڕ، وا لە خاوەن كار دەكات دەستكاری لە دووكان و شێوازی كاركردنی خۆی بكات و پەرەی زیاتری پێ بدات،”
هیوا گلەیی لە شارەوانی و بنكەی گەشتوگوزاری شارەكەی دەكات و دەڵێ:” لە هەموو دونیا كاتێ كەسێك پرۆژەیەكی باش پێشكەشی شارەكەی دەكات دەستخۆشی لێ دەكرێت و دەرفەت و ئاسانكاری زیاتری بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە كارەكەی بدات، بەداخەوە لێرە وانییە، ئەو هەموو جوانكارییەم كردووە لە چێشتخانەكەم تەنیا بۆ ئەوەی جوانییەكی تر بە بازاڕی شار ببەخشم و سەرنجی گەشتیاران ڕابكێشم، كەچی بەرپرسێكی شار لە جیاتی دەستخۆشی پێم دەڵێ ئەوە شتە پێویست نییە كە كردووتە، ئەگەر دەستخۆشیش ناكەن هاوكارمان بن و لە هەندێك ڕووەوە ئاسانكاریمان بۆ بكەن تا بتوانین درێژە بە كارەكانمان بدەین، نەك سبەی دەستبەرداری كارەكە ببین و وەكوو دەیان دووكانی تر لەو شارە چۆڵی بكەین و ڕوو بكەینە شوێنێكی تر، لەسەر دانانی یەك كورسی لەبەردەم خواردنگە سزای ماددی كراوم و هەر كاتێك لیژنە سەردانت دەكات كۆمەڵێك ڕێنمایی و مەرجت بۆ دیار دەكات كە بە تەواوی كارەكەت سنووردار دەكات و وات لێ دەكات زەوقت لەسەر كارەكە نەمێنێت.”