زاری كرمانجی – سۆران :
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی، نووسراوی فەرمیی بۆ بانکی بازرگانیی عێراق کراوە، بۆ ئەوەی 400 ملیار دیناری هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان.
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق جارێکی دیکە بڕیاری داوە کە 400 ملیار دیناری هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردووشدا بڕیاری دابوو، بۆیە ئەمە دووەمین جارە بڕیاری ناردنی داوە.
فارس عیسا، گوتیشی، ئەنجومەنی وەزیران نووسراوی بە شێوەیەکی فەرمی بۆ بانکی بازرگانیی عێراقی کردووە، بۆ ئەوەی پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو 400 ملیار دینارە بگاتە هەرێمی كوردستان”.