مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ڕۆژ بە ڕۆژ بڕیاری سەیروسەمەرە دەردەکهن، دوا بڕیار دژ بە پەیکەری بووکەڵە پلاستیکییەکانی نێو دووکانەکانی جل فرۆشی ئافرەتانە، کە نابێت چیتر ڕوخسارییان لە دەرەوە بێت و ئاگاداری خاوەنکارانی کردووەتەوە کە لە داهاتوودا دەبێت سەری بووکەڵەکان داپۆشراو بێت.
سەرچاوەکانی ڕاگەیاندنی ئەفغانی ئاشکرایان کرد ڕۆژی سێشەممە حکومەتی تاڵیبان فەرمانێکی بۆ خاوەن دووکانەکانی جلوبەرگی ژنان بۆ داپۆشینی سەری مۆدێلە پلاستیکییەکان کە بە بووکەڵە ی جلوبەرگ ناسراوە ناردووە و داوای لێکردوون بە زوویی بڕیارەکە جێ بە جێ بکەن.
هەر وەکوو سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەفغانستان هێمایان بۆ کردووە، پێشتر تاڵیبان داوای لابردنی سەری هەموو بووکەڵە پلاستیکییەکانی کردبوو کە لە پێشەوەی دووکانەکان دانرابوون، بەڵام دواتر بە هۆی ناڕەزایی خاوەن کارەکان، بڕیارەکەی لە سەر لێکردنەوەی بووکەڵەکان گۆڕی بۆ داپۆشین.
هاوکات هەمان ڕۆژ وەزارەتی کاروباری گشتی حکومەتی تاڵیبان، بڕیارێکی تری دەرکردووە بۆ ڕێگریکردن لە نووسینی شیعری شاعیران لە شوێنە گشتییەکان.