پشتیوان كەریم- زاری كرمانجی :
لە بارەی هۆكاری كەمبوون و وشكبوونی ئاوی تاڤگەی كانی بەستی سنووری ناحیەی قەسرێ، بەڕێوەبەری ناحیەی ناوبراو رەتی دەكاتەوە بە یەكجاری تاڤگەكە وشكی كردبێت و دەڵێ:”تووشی كەم ئاوی بووە”.
شاخەوان حوسێن بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرێ بە وەكالەت باس لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی تاڤگەكە دەكات و دەڵێ:” بە هۆی وەرزی كشتوكاڵ كردن، جوتیارانی ناوچەكە ئاوی كانی بەست بەكاردەهێنن و رێڕەوی ئاوەكە لە سەرەوەی تاڤگەكە دەگۆڕن بۆ مەبەستی ئاودێری”.
ئەگەرچی نزیكەی 57 ملیۆن دینار لەلایەن بوددجەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار دیاریكراوە بۆ چاككردنی رێگای تاڤگەكە، بەڵام هەروەكو بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرێ ئاماژەی بۆ دەكات :”تا ئێستا پرۆژەی چاككردنی رێگاكە دەستی پێ نەكردووە”.
شاخەوان حوسێن باس لە وشكبوونی بەشێك لە سەرچاوە ئاوییەكانی ناوچەكە دەكات و دەڵێ:” زۆربەی سەرچاوە ئاوییەكانی( بۆڵی، دۆڵی باڵەیان، كانی بەست ) لە سنووری ناحیەكە تووشی كەم ئاوی هاتوون، هاوكات بەشێكیشیان هەر بەتەواوی وشك بوونە”.
تاڤگەی كانی بەست دەكەوێتە گوندی وەڵزێی سەر بە ناحیەی قەسرێ، بە بەرزترین تاڤگەی سەر ئاستی كوردستان و عێراق دادەنرێت و وێنەی تاڤگەی كانی بەست لە سەر دراوی 50 هەزاری دیناری عێراقی هەیە.