”لە ژیاندا هیچ شتێك مەحاڵ نییە، ئەگەر بە گەشبینییەوە هەوڵی بۆ بدەین”
زاری كرمانجی – سۆران :
هەمیشە شارەزایانی دەروونناسی، ئامۆژگاری گەنجان دەكەن بەوەی خاوەنی ئامانجی گەورە بن لە ژیان و هەوڵ و كۆششی بۆ بكەن تا پێی دەگەن، بەڵام بەشێك لە گەنجان پێیان وایە ئامانجەكان بە ئاسانی بەدی ناهێن و زۆریان بە بێ ئامانج ژیان دەكەن، چونكە باوەڕییان بە گەیشتنی ئامانجەكانیان نەماوە.
كرێكار عەبدوڵڵا باس لەوە دەكات كۆمەڵێك ئامانجی گەورە و بڵندی دەستنیشان كردووە لە ژیانی خۆی، بەڵام ئەوەندەش گەشبین نییە بگات پێی و دەڵێ:” ئامانجە بچووكەكان هەرچەند ئامادە و لەبەردەستن، بەڵام مایەی ڕەزامەندی و ئاسوودەیی نین. ئاشكرایە كە ئامانجی بەرز و بڵند پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون و تەقەلای زۆر هەیە، بەڵام دەستكەوتی ئەو هەوڵ و كۆششی كەم و كورت نابێت. بۆیە پێویستە بە تەواوی هەوڵی بۆ بدەین، بەڵام هەندێك جار كۆمەڵێك كێشە ڕووبەڕووت دەبێتەوە و ئامانجەكانت لە بیر دەباتەوە، بۆیە بە ناچاری دەبێت دەستبەردارییان ببین.”
حەمەدەمین مستەفا دەڵێ:” بە دڵنیایەوە كۆمەڵێك ئامانجم هەیە لە ژیان، هەندێكیان بەدی هاتوون، بەڵام ئامانجە گەورەكە هێشتا ماوەیەتی و هەست دەكەم ڕێگاكەی زۆر دوور بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆڵ نادەم و گەشبینیم كردووە بە چرایەكی گەشاوە و ڕێگا سەخت و تاریكەكەی پێ ڕووناك دەكەمەوە، ئەمڕۆ بێت یان سبەی هەر دەبێت بەو ئامانجەشم بگەم،”
بە پێكەنینەوە ئەوەش دەڵێ:” زۆر جار شكستەكان تووشی ڕەشبینیان كردووم و هەواڵیان داوە پاشگەزم بكەنەوە لە ئامانجەكە، بەڵام دواتر بەسەریان زاڵ بوومە و دووبارە دەستم پێكردووتەوە.”
سەردار قادر پێی وایە كاركردن بۆ ئامانجی گەورە باشترینەكانی پێویستە، كاتێك گەنجێك ئامانجی هەبێت لە ژیان كەواتە بوونی هەیە و دەژیت، بەڵام ئەگەر ئامانجی نەبوو وەكوو مردوو وایە:” گەنجێك ژیانی خۆش بوێت دەبێت ئامانجیشی هەبێت، چونكە بوونی ئامانج لە ژیانی ئەودا واتا هەبوون و خۆشەویستی ئەو بۆ ژیان، ئەگەر هیچ ئامانجی نەبوو، وەكوو مردوو حیسابی بۆ دەكرێت و وەكوو ئەوە وایە كە لە ژیاندا نەبێت، خۆم كۆمەڵێك ئامانجی گەورە و جوانم هەیە و بەو پەڕی هێز و تواناوە كار بۆ هاتنەدییان دەكەم، چونكە ئەو كەسانەی كە بە كەمترین سەركەوتن و دەستكەوت ڕازی دەبن و پاڵی لێ دەدەنەوە، بە قسەی خۆیان قەناعەتیان كردووە و كەسانی تەماع نین. بەڵام ئەوانەی كە چاوەڕوانی (باشترین) ەكانیان هەیە و بەو پەڕی بوون و تواناوە بەدوای ئامانجەكانیاندا دەڕۆن و هەرگیز كۆڵ نادەن و بە شێوەیەكی شیاو لە درەختی ژیان بەهرە وەردەگرن،”
سەردار ئەوەش دەڵێ:” ژیان خاڵی نییە لە كێشە و گرفت و بە دوور نییە لە هەر جۆرە دڵەڕاوكێ و نیگەرانییەك. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەنجان دەبێت بوێر و خاوەن ئیرادە بن و ترس و لەرزی كێشە و گرفتەكان ناخەنە دڵیانەوە. ئەو كەسەی كە دەیەوێت بە سەركەوتن بگات، پێویستە بە هەنگاوی پتەوەوە بەرەو پێشەوە بڕوات.”
ڕەهێڵ باوەكە پێی وایە هەندێك جار چانس هۆكار دەبێت بۆ گەیشتن و نەگەیشتن بە ئامانجەكان و دەڵێ:” بەخت و چانس، ئیرادە و بوێری زیاترمان پێ دەبەخشێت و هەست دەكەین كە ڕۆژگار بە پێی ئاوات و ئارەزووی ئێمە دەڕوات و ئامانجەكان ئەوەندە نزیكبوونەتەوە كە تەنیا شەو و ڕۆژێكی پێویستە، بۆیە دەبێ گەنجان هەمیشە بەو ئومێدەوە ژیان بكەن كە چانسێكی باشیان هەیە بۆ ئەوەی ئاسانتر بگەن بە ئامانجەكەیان،”
ڕەهێڵ ئەوەش دەڵێ:” لە ژیاندا هیچ شتێك مەحاڵ نییە، دەبێ بە گەشبینییەوە هەوڵی بۆ بدەین و نابێت ڕەشبینی باڵمان بەسەر دابكێشێت، چونكە ڕەشبینی ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەكانمان درێژ تر دەكات و دڵ سارد و هیوا بڕاومان دەكات بەوەی كە هەرگیز ناگەین بە ئامانجەكانمان.”