“پێویستە پاڵپشتی پڕۆژە نیشتمانییەكان بكرێت”
سۆران سرێشمەیی-رواندز:
بەختیار كەریم، لە دایكبووی ساڵی 1984، دانیشتووی قەزای رواندزە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانەكانی هەولێر بەشی وێنەكێشان و دەرچووی كۆلێژی هونەرە جوانەكانی هەولێر، بەشی پەیكەرسازییە، ئێستا مامۆستایە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رواندز، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ زاری كرمانجی رووناكی دەخاتە سەر هونەری پەیكەرتاشی، لە هەمان كاتدا باس لە ئاستەنگ و داواكارییەكان دەكات.
لە سەرەتای قسەكانی دەڵێت: لە منداڵیەوە مامەڵەم لەگەڵ هێڵكارییەكان و پەیكەری قوڕین و هونەری وێنەكێشاندا هەبوو، چونكە خانەوادەی ئێمە پاشخانێكی هونەری هەیە بەجۆرێك هیچ ئەندامێكی خێزانەكەمان نییە سەروكاری لەگەڵ هونەردا نەبێت، ئەمەش بوو بە هۆكاری ئەوەی كە بە پلەی یەكەم لە پەیمانگە وەربگیرێم، دوای ئەوە هەر زوو توانیم لە هەردوو بواری وێنەكێشان و پەیكەرتاشی خۆم بدۆزمەوە.
زیاتر گوتی:” جگە لەوەی بەشداریم لە ژمارەیەك پێشانگەی وێنەكێشان و فیستیڤاڵی تایبەت بەو بوارە لە زۆربەی شارەكان كردووە، هەروەها كۆمەڵێك پەیكەری جۆراوجۆریشم دروستكردوونە و لە شارەكانی هەلێر و سلێمانی دانراون، كۆتا كاریشم دروستكردنی پەیكەری ئافرەتێكە لە قەزای چۆمان كە گوزارشتە لە ڕۆڵ و خەباتی ژنی كورد لە كاتی “كۆڕەو”ـەوە مەزنەكەدا. لە ئێستاشدا كار لەسەر ژمارەیەك پەیكەر و كاری نوێی نەبینراو دەكەم، لە داهاتوودا دەیخەمەر بەر دیدی خەڵك.
ئەو پەیكەرتاشە ئاماژەی بەوەكرد: ڕاستە كاری پەیكەرسازی پتر هونەرێكی بێدەنگە، بەڵام پەیامگەلێك دەدات و لە كاتی كاركردنیشدا مرۆڤ لە تەنیایی ناهێڵێتەوە بەڵكو لەگەڵ قوڕ و ئاسن و كەرەستە پێویستەكانی تر قسەدەكات، هەروەها هونەر بەگشتی و هونەری پەیكەرسازی بەتایبەتی گرنگی زۆری هەیە لە پێشخستنی دۆزی نەتەوەیی و باسكردنی خۆشی و ناخۆشییەكان و ڕووداوە جۆراوجۆرەكان.
ئەو هونەرمەندە، ئاشكراشی كرد: هونەری پەیكەرتاشی وەك هەر كارێكی تر بەدەر نییە لە ئاستەنگ و گرفتەكات بەتایبەت دوای دانانی پەیكەرێك لە شوێنێكدا و هەڵگرتن یانیش شێواندنی لە لایەن كەسانی دیكەوە، كەسانێكیش هەن بە بیانووی ئەوەی كە هەندێك پەیكەر پێچەوانەی بنەماكانی ئایین و كلتوری كوردییە لەوما رێگری یان خوێندنەوەی نەرێنی بۆ دەكەن، كە لە بنەڕەتدا ئەو هونەرە بەشێكە لە ژیان و ژیاری هاووڵاتی و كۆمەڵگە.”
سەبارەت بە داواكارییەكانیش ئەو هونەرمەندە، گوتی: پێویستە حكوومەت پاڵپشتی پڕۆژە نیشتمانییەكان بكات و كەرەستەی پێویست بۆ ئەو هونەرمەندانە دابین بكات كە كاری پەیكەرسازی دەكەن بەتایبەت دابینكردنی “بڕۆنز”ــی پێویست، هەروەها كار ئاسانیش بۆ پەیكەرتاشەكان بكات و دەستیان بگرێت و ڕێگریش بكات لە هەڵگرتن و لابردنی پەیكەرەكان، هەروەها رێكاری پێویست بگرێتەبەر لە بەرامبەر ئەو كەسانەی كە پەیكەرەكان دەشوێنن و لەناو دەبەن”.