موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
هاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای سیدەكان، ماوەی 36 ساڵە دوكانی هەیە و لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا، دەڵێت، پێویستە ئەوانەی كاری فرۆشتن لە هەر بوارێك دەكەن بە تایبەت دوكان و كەل و پەلی خواردن، چاویان لە گرانی نەبێت و ئەرزان فرۆش بن.
یاسین حەمەد دوكاندار لە نێو سەنتەری سیدەكان، لە دەستپێكی قسەكانیدا، گووتی:” بۆ یەكەمینجار لە ساڵی 1987 لە سیدەكانی كۆن دوكانم دانا، ئەوكات 50 دینارم بە قەرز وەرگرت بۆ كڕینی كەل و پەل و پێداویستی، دوكانێكی بچووكم دانا، كە ئەوكات چەند كەسێك دوكانییان هەبوو، بەداخەوە زۆربەیان لە ژیان نەماون، چەند جارێكیش بەهۆی راگواستنەوە و شەڕ و پێكدادانەكانەكانی دەڤەرەكەمان، دوكانم هەڵگرتووە و دووایی ئارام بوونەوەی سنوورەكەمان، دوكانم داناوەتەوە، بە ئاستەنگی زۆر تێپەڕیووم بەڵام وازم لەو پیشەیەم نەهێنا و بە ئیشەكەی خۆم زۆر دڵخۆشم.
دووپاتی كردەوە:” دوكانداری پیشەیەكە ئارامی زۆر دەوێ و بەرپرسیاریەتیشی لە زۆر رووەوە تێدایە، بۆیە دەبێت ئەو كەسانەی دوكاندارن، كە سانی ئارامگر و لە خواترسیش بن.
ناشیشارێتەوە:”بەشێك لە دوكاندارەكان، بەداخەوە چاویان لە گرانییە و هەوڵ دەدەن كەل و پەل و پێداویستییەكانیان گران بفرۆشن، بەڵام ئەگەر خەڵك ئەو شاهێدییەم بۆ بدات، هەمیشە حەزم بەوەیە ئەرزانی پەیدا ببێت و ئەو شت و مەك و كاڵاییەی لە دوكانەكەشمدا هەیە بە شێوەیەك دەفرۆشم خێرێكی زۆر كەم دێخمە سەر، تا خەڵك شت و مەك و خۆراكیان بە گرانی لەسەر نەكەوێ .
جیا لە دوكانداری، یاسین حەمەد یەكێكە لە پێشمەرگەكانی هێزی سیدەكانی سەر بەفەرماندەی هەڵگۆرد، بەشداری زۆربەی شەڕ و روبەڕووبوونەكانی لەگەڵ دوژمن كردووە و وەك خۆی دەڵێ:” 30 ساڵ زیاترە چەكی پێشمەرگایەتیم لە شان كردووە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان سێ جاریش بریندار بوومە.
یاسین حاجی حەمەد، ساڵی 1974 لە گوندی كۆڵیتی سەر بە قەزای سیدەكان لە دایكبووە، لە حوجرە خوێندوویەتی و خاوەنی سێ منداڵە، دانیشتووی سەنتەری سیدەكانە .