زاری کرمانجی – تەکنەلۆژیا
کۆمپانیای ئەپڵ بەنیازە لە ساڵانی داهاتوودا کارگەی بەرهەمهێنانی ئایفۆنەکانی لە چینەوە بگوازێتەوە بۆ هیندستان، پێشبینیش دەکرێت 50%ی ئایفۆنەکان لە هیندستان بەرهەمبهێنرێت.
ئێستا وا دیارە ئەم گواستنەوەی کارگەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر بازرگانی و کۆمپانیاکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی ئایفۆن لە چین دەبێت، بەجۆرێک کە بەهای پشکی بەشێک لەو کۆمپانیایانە لە ئێستاوە دەستی بە دابەزین کردووە.
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری پارچەکانی ئایفۆن زۆر نیگەرانن لە بڕیارەکەی ئەپڵ بۆ گواستنەوەی کارگەکانی ئایفۆن بۆ هیندستان. بۆ نموونە کۆمپانیای ئۆفیلم کە دروستکەری ئامێرەکانی کامێرای ئایفۆنە پێشبینی دابەزینی فرۆش و قازانجەکانی بۆ ساڵانی داهاتوو کردووە.
لە ئێستادا هیندستان نزیکەی 5%ی سەرجەم ئایفۆنەکانی جیهان بەرهەم دەهێنێت کە لە جیهاندا دەفرۆشرێن و کۆمپانیای ئەپڵ بەنیازە تا ساڵی 2027 ئەم ژمارەیە بۆ 50% زیاد بکات. لە هەر حاڵەتێکدا کۆمپانیا چینییەکان کاریگەری ئەم هەنگاوەی ئەپڵیان لەسەر دەبێت و دەبێت بزانین دواتر چی ڕوودەدات.