سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
جامی كەنداو، بازاڕی ئامرازەكانی گواستنەوەی گەرمتر كردووە و، رۆژانە سەدان هاندەر لەناوچە جیاوازەكانی عێراق گەشتی شاری بەسڕە دەكەن. دروستبوونی ئەو پاڵەپەستۆیە لەسەر رێگاكانی عێراق و نالەباری كەش و هەوا بوەتە هۆی لەخۆگرتنی رووداوی هاتووچۆ.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لەیەكێك لەشارەكانی عێراق دووپاتیدەكاتەوە، كە نزیكەی 30 هاندەر لەرێگای بەسڕە بوونەتە قوربانی.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئاماژە بەوەداوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 24 هاندەر كە بەرەو بەسرە دەڕۆیشتن، لە رووداوێكی هاتوچۆدا لە ”زیقاڕ“، گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
پێگەی ئای كیو نیوزی عێراقی پشتراستی ئەو هەواڵەی كردوەتەوە و دەریخستووە، “لە ئەنجامی ڕووداوێكی هاتوچۆدا كە پاسێك و ئوتومبێلێكی بارهەڵگر پێكیان داداوە، لەسەر رێگای سەرەكی “تەل لەحێم” بەرەو بەسرە، 8 كەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیكەش برینداربوون.”
شایەتحاڵێك بەو پێگە راگەیاندنەی گوتووە، “پاسەكە ژمارەیەك هاندەرانی لەخۆگرتبوو، كە بەرەو بەسرە دەڕۆیشتن بۆ بەشداریكردن لە یارییەكەی عێراق و قەتەر، هەروەها رووداوەكە بەهۆی تەمێكی زۆرەوە بووە.”
ئەمڕۆ زۆرینەی پارێزگاكانی عێراق تەمێكی زۆریان لەخۆگرتووە، كە ئاستی بینینی سنووردار كردووە، ئەمەش بووە هۆی ڕاگرتنی گەشتەكانی فرۆكەخانەی بەغدا، هەروەها ژمارەیەك رووداوی هاتوچۆ لەشارەكانی واست، فەللوجە و دیالە روویانداوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ عێراق و قەتەر لە قۆناخی پێش كۆتایی 25ـەمین پاڵەوانێتی كەنداو لەیاریگەی”جزع النخلە” كاتژمێر 4:15 ـی ئێوارە بەیەك دەگەن.

