زاری كرمانجی -هەولێر:
ئامینا زكری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك، دەڵێ:” پەیامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر خاڵی لەسەر ئەو پرسیارانە دانا كە خەڵكی هەرێمی كوردستان هەیبوو، زۆر بە ڕوونی و ئاشكرایی و بێ پێچ و پەنا هەموو شتێكی خستە بەردەم هاونیشتمانیان، دوای ئەم پەیامەش با ئیتر خەڵك خۆیان دادوەربن.”
دەشڵێ:” مەسرور بارزانی تائێستا سەرۆكی حكوومەتێك بووە كە شەریكە سەرەكەییەكەی هێندەی نەیارەكانی لەسەنگەر بووە بۆی، لەپاڵ قەیرانە یەك لەدوای یەكەكان و ئەو كێشە و تەگەرانەی هاتوونەتە پێش لەهەمانكاتدا یەكێتی بۆ بڕیارە سەرتاسەرییەكانی لەمپەر دروست بكات و بیەوێت ئەرزش بۆ دامەزراوە یاساییەكانی هەرێم نەمێنێت و هەموو خەون و خەیاڵ و ستراتیژیان لەلای ئاژەوە و تیرۆر و (تەسفیە حسابی)ناوخۆیان بێت و بە پارە و داهاتی خەڵك و بەكارهێنانی هێزی ئەمنی و دەسەڵاتی حكوومی خزمەتی چەند كەسێك بكرێت، مەسرور بارزانی لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە دروشمی شەفافیەت و خستنەڕووی هەموو داتایەكی بۆ خەڵك بڵند كردووە و كاری بۆ كردووە و ئەم بەیاننامە وردەش كە بڵاوكرایەوە دووپاتی ئەم شەفافیەتەیە بۆ خەڵك.”
لە كۆتاییدا ئاماژەی بە ئەوە داوە: ئەم حكوومەتە و سەرۆكەكەی نیشانیاندا سازش ناكات لەسەر چاكسازی و بڕیاری سەرتاسەری و وەرگرتنەوەی داهات بۆ خەڵك لەبری ئەوەی بۆ چەند كەسێك بێت، سازش ناكات لەپاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ڕێگری لە تیرۆر و هەموو ئەو داواكارییانەی كەخواستی خەڵكن.”