سەردار قازی ـ رواندز:
خانمێكی وەرزشكارە لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نزیكەی 12 ساڵە بەبێ سڵكردنەوە لەتەگەرەكانی بەردەمی ملی رێگای خەونەكانی گرتووە و، بەرینەداوە تا گەیشتووە بەئێرە قۆناخی سەخت و، هەنگاوی تاقەت پروكێنی بڕیون. كەڤی كەوكەز، ئەگەر بۆخۆیشی لەبیرگەی خەڵكدا ناوێكی ناسراو نەبێت، ئەوا بەهۆی ناوی باوكییەوە لەنۆسیالۆژیای كۆمەڵگەدا ناوێكی باڵایە. تەمەنێكە نشێوی گەورەی تێپەڕاندوون تا گەیشتووە بەئاستی بڕوانامەی ماستەر لەبواری وەرزش و، چنینەوەی دەیان شانازی دیكە.
كەڤی كەوكەز، لەساڵی 1995 لە رواندز لەدایك بووە، قۆناخی سەرەتایی لە قوتابخانەی رواندزی سەرەتایی كچان تەواو كردووە، قوناخی ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانەی دواناوەندی شەمامی كچان تەواو كردوەو دوای تەواو كردنی خوێندنی ئامادەیی، بۆ درێژەدان بەخوێندن و، بەرجەستەكردنی حەزەكانی لەسەر ستەیجی وەرزش ساڵی 2014- 2015 لەزانكۆی سۆران/ كۆلیژی پەروەردە بەشی وەرزش وەرگیراوە، لەساڵی 2017-2018 كۆلێژی تەواوكردوە و بە پلەی سیەم درچووە. دوای تەواوكردنی كۆلێژ دەستی كردوە بە خوێندنی ماستەر لەبواری مەلەوانی لە 27/11/2022 بروانامەی ماستەری وەرگرتوە.
كەڤی، لەمەڕ ژیانی وەرزشی خۆی بەم جۆرە دێتەگۆ: “هەر لە منداڵیەوە خولیای وەرزش بووە لە چالاكیەكانی قوتابخانە ساڵانە بەشداریم كردووە وپلەی یەكەمم بەدەست هیناوە بومەتە پاڵەوانی گۆرەپان و مەیدان، هەروەها یاریزانی تۆپی بالە بوومە لەیانەی وەرزشی رواندز، لەپاڵ ئەوانەشدا بەشداری لە چەند خولێكی لەسەر ئاستی پەروەردەكان و یانە وەرزشیەكانم كردووە، بۆ ماوەی شەش سال راهێنەری مەلەوانی بوومە و، چەند خولێكی فێركاریم مەلەوانی بۆ خانمان بەرێووەبردووە.”
كەڤی، درێژەی پێدەدات: “ئامانجی من هەمیشە ئەوە بووە خانمان بەرەوپێش بچن لەبواری وەرزش بەگشتی و مەلەوانی بەتایبەتی بەشداری بكەن لە چالاكیە وەرزشیەكان، گرنگی بدەن بە وەرزشی مەلەوانی چونكە لەلایەنی تەندروستی جەستەیی و دەرونی گرنگە.”
كەڤی كەوكەز، نەیشاردەوە كە لەئایندەیەكی نزیكدا، بەچڕی كار لەسەر دامەزراندنی یانەیەكی مەلەوانی دەكات لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
مەلەوانی تەندروستترین وەرزشە بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا، ئەم جۆرە چالاكییە وەرزشییە لە ڕووی دەروونییەوە هەستی خۆشی و خۆشحاڵی لە مرۆڤدا دروست دەكات و كاریگەریی باشی هەیە لەسەر
لەبەینچوونی فشاری دەمار و دڵەڕاوكێ، كێشەی كەمخەویی شەوانە چارەسەر دەكات و ماسوولكەكان بەهێز دەكات، هەروەها بۆ تەندروستیی دڵ وەرزشێكی بەسوود و گرنگە.