شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی:
خەستبوونەوەی خوێن حاڵەتی زۆربوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێنە، واتا خڕۆکە سوورەکان ڕێژەیەکی زیاتری خوێن پێک دەهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی خەستبوونەوەی خوێن و کەمبوونەوەی توانای خڕۆکە سوورەکان بۆ جووڵە لەناو لوولەی خوێن و ئەندامەکانی لەشدا، زۆربەی جار ئەم حاڵەتە وا دەکات خوێن لەناو لوولە خوێنەکاندا بمەیت و کێشەی تەندروستی دروست بکات.
خەستبوونەوەی خوێن چەند نیشانەیەکی هەیە، مەرج نییە هەموو ئەوانەی خوێنیان خەستە نیشانەیان تێدا دەربکەوێت، بەڵام بەگشتی هەندێک لەو کەسانەی خوێنیان خەست بووەتەوە ئەم نیشانانەیان تێدایە لەوانە:
-سەرئێشە
-لاوازبوونی بینین
-مۆربوونەوە یان سووربوونەوەی پێست بەتایبەت دەست، پێ، دەم و چاو.
-ئارەقکردنەوەی زۆر
-هەستکردن بە سووتانەوەی پێیەکان
-هیلاکی و شەکەتی
-بەرزی پەستانی خوێن
-خەواڵوویی
-سەرلێشێوان
-کێشەی خوێنبەربوون وەک خوێنبەربوونی لووت و پووک و برین
-نەخۆشی شاهانە کە دەبێتە هۆی ئازار و هەڵئاوسان و ڕەقبوونی جومگەکان
-خورانی پێست بەتایبەت دوای گەرماو کردن
-زرنگانەوەی گوێ
-هەستکردن بە تێری لە گەدەدا
هۆکارەکانی خەستبوونەوەی خوێن چین؟
دوو جۆر خەستبوونەوە یان زۆربوونی خڕۆکەی سووری خوێن هەیە، کە هەر یەکێکیان هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە.
-خەستبوونەوەی خوێنی یەکەم، ئەم حاڵەتە نەخۆشییەکی دەگمەنە بەهۆی دروستبوونی گرێ و خانەی شێرپەنجەیی لە مۆخی ئێسک، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ئەو خانانەی خوێن کە فەرمان و گەشەکردنیان بە شێوەیەکی نائاسایی جێبەجێ دەکەن، ئەو کەسانەی جۆری یەکەمی خەستبوونەوەی خوێنیان هەیە ڕێژەی خڕۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن تێیاندا بەرز دەبێتەوە، هۆکارە مەترسیدارەکانیش ئەوەیە کە هەندێک جۆری خەڵک بەراورد بە هەندێکی تر مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ تووشبوون بە خەستبوونەوەی خوێن، بەتایبەت ئەو کەسانەی تەمەنیان سەروو 60 ساڵە، هەروەها لە پیاواندا باوترە بەراورد بە ئافرەتان، ئەو کەسانەی کە خەستبوونەوەی خوێنی یەکەمییان هەیە بەهۆی هۆکاری بۆماوەییەوە تووش نابن و زۆربەیان هیچ مێژوویەکی خێزانی نەخۆشییەکەیان نییە، بەڵام وا بیر دەکرێتەوە بەسترابێتەوە بە گۆڕانکاری نائاسایی لە جینەکان وەک جینەکانی (JAK2, TET2)، هەرچەندە ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی ئاسایی لە باوانەوە ناگوازرێتەوە بۆ منداڵەکان بەڵام لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا دەشێت بگوازرێتەوە وەک گۆڕانی جینەکانی توخمە خانەکانی هێلکە و سپێرم.
بەبێ چارەسەرکردن تووشبووانی ئەم جۆرە ئەو لێکەوتانە ئەزموون دەکەن:
-گەورەبوونی سپڵ
-خوێن مەیین لە لوولەکانی خوێن
-جەڵتەی مێشک
-خوێنبەربوونی گەدە
-نەخۆشییەکانی دڵ
-کێشە و نەخۆشییەکانی تری خوێن وەک بە ڕیشاڵ بوونی مۆخی ئێسک و شێرپەنجەی خوێن
خەستبوونەوەی خوێنی دووەمی
خەستبوونەوەی خوێنی جۆری دووەم، بەهۆی شێرپەنجەی مۆخی ئێسکەوە ڕوو نادات بەڵکوو کۆمەڵە هۆکارێکی ترن ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەرز دەکەنەوە، لەوانە:
-نیشتەجێبوون لەو ناوچانەی لە ئاستی دەریاوە بەرزن
-وەستانی کاتی هەناسەدان لە کاتی خەودا
-هەندێک جۆری دیاریکراوی گرێ
-نەخۆشیی دڵ و سییەکان کە دەبنە هۆی دابەزینی ئۆکسجینی جەستە
-کێشانی جگەرە و نێرگەلە
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
خەستبوونەوەی خوێن دەشێت ببێتە هۆی گیرانی ئەو لوولانەی خوێن کە خوێن لە دڵەوە بۆ سییەکان دەبەن یان خوێنهێنەرە قووڵەکانی قاچ تووشی گیران دەبن بەهۆی خوێنی مەییوە، ئەگەر هەر یەک لەم نیشانانە لە کەسێکدا دەرکەوت واتە خوێنی مەییوی هەیە لە شوێنێک لە جەستەیدا و پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.
نیشانەکان
-ئازار و هەڵئاوسان و سووربوونەوە و نەرمبوونی یەکێک لە قاچەکان
-ئازارێکی توند لەو شوێنەی خوێنی تێدا مەییوە
-گەرمبوونی ئەو شوێنەی خوێن مەیین تێدا ڕووی داوە
-هەناسە لێبڕان
-ئازاری سینگ و بەشی سەرەوەی پشت
-هێنانەوەی خوێن لە کاتی کۆکیندا
-سەر گێژ خواردن و خەواڵوویی و بوورانەوە
زانیاری تەندروستی