شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
وەزارەتی پەروەردە بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف، پرۆژەیەکیان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییانەی بە هۆکاری جیاجیا وازیان لە خوێندن هێناوە دەستپێکرد.
ئینزار تاهر، بەرپرسی پلان دانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەیی سۆران، لەم بارەوە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لە ڕێکەوتی 25/ 9/ 2022 پرۆژەی گەڕانەوەی قوتابی بۆ خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە بە هاوکاری ڕێکخراوی یونیسێف، دەستی پێ کرد تا ڕێکەوتی 1/ 11/ 2022 بەردەوام بوو، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران پێنج گرووپ بۆ ئەم پرۆژەیە دەستبەکاربوون، دوو گرووپ لە پەروەردەی سۆران، ئەوانی دیکەش لە پەروەردەکانی مێرگەسۆر، چۆمان و ڕواندز دەستبەکاربوون،”
لە ماوەی دەستبەکاربوونی گرووپەکان توانرا نزیکەی 300 قوتابی بگەڕێنرێنەوە سەر خوێندن، ئینزار تاهر دەڵێت:” لە ماوەی کارکردن لەم پرۆژەیەدا 1096 قوتابی دەستنیشان کران کە بە هۆکاری جیاجیا وازیان لە خوێندن هێناوە، لەم ڕێژەیەدا توانیان 243 قوتابی بگەڕێنرێنەوە بەر خوێندن و قوتابخانەیەکیش بەناوی ڕەشە گۆمی بنەڕەتی تێکەڵاو لە سنووری پەروەردەی سۆران لە ناحیەی خەلیفان بکرێتەوە.”