مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بەشێک لە دووکاندارانى قەزای چۆمان گلەیی دەکەن کە بازاڕی شارەکەیان دوای نیوەڕۆ بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک بێ کارەبا دەبێت و لە ڕێگەی زاری کرمانجی یەوە داواکارن ئەو کێشەییان بۆ چارەسەر بکرێت و دەڵێن بە هۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی یان مۆلیدە ئەهلییەکانەوە دووکانەکانیان زۆر تاریکە و ناتوانن بە باشی کڕیارەکانیان بەرێ بکەن.
سوارە ئەکرەم قایمقامی قەزای چۆمان لەمبارەیەوە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” ئێمە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و بارودۆخی ئابووری هاوشارییانمان ئەم بڕیارەمان دەرکردووە کە کارەبای مۆلیدە لە دوای نیوەڕۆ بۆ کاتژمێرێک نەدرێتەوە، چونکە هیچ مەعقوول نییە هاووڵاتی مانگانە بۆ یەک ئەمپێر کارەبا بڕی 14 هەزار دیناری بۆ بگەڕێتەوە،”
ئەوەش دەڵێت:” دوو هەفتە زیاتر چاودێری ڕەوشی بازاڕمان کردووە و کاتێکمان دیار کردووە کارەبا نەدرێتەوە کە کەمترین کڕیار ڕوو لە بازاڕ دەکەن،”
قایمقامی قەزای چۆمان باس لە ڕێگەچارەیەک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی کارەبای بازاڕ و دەڵێ:” بیرمان لەوە کردووەتەوە کە خەتێکی مۆلیدە جیا بکەینەوە لە گشتییەکە و تایبەت بدرێتە بازاڕ، بەم کارە دووکانداران ئەو کێشەییان نامێنێت و ئەو کات پێدانی کارەبای مۆلیدە بە ماڵان کەمتریش دەکەمەوە، تا کابرای فەقیر بۆ سێ ئەمپێر کارەبا 50 هەزار دینار نەداتە خاوەن مۆلیدە.”