زاری کرمانجی :
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە پرۆژە یاسای کار، کارکردن لە کەرتی تایبەت و دەستبەری کۆمەڵایەتی و یاسای خانەنشینی و مافی کرێکاران دەکات و دەڵێت دوای تەواوبوونی پشووی پەرلەمانی کوردستان دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان دەدرێت و پەسەند دەکرێت.
کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان هێما بۆ بیمەی کۆمەڵایەتی دەکات و دەڵێ:” لە دوای پەسەندکردنی پرۆژەکە بۆ هەر کرێکارێک بیمەی کۆمەڵایەتی دادەنرێت کە مانگانە بڕی 5٪ لە مووچەکەی دەبڕێت لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا کە کرێکار ناچار بێت واز لە کارکردن بهێنێت، ئەوا مافەکانی لەلایەن خاوەنکار بە بڕی 12٪ بۆ دەگەڕێتەوە و خانەنشین دەکرێت، دوو مانگ جارێک مووچەکەی لە لایەن سندووقی خانەنشینییەوە کە ئێستا زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلاری بۆ دابین کراوە،”
لە بارەی کەمی مووچەی کرێکارانیشەوە کوێستان محەممەد دەڵێ: “هەر کرێکارێک مووچەکەی لە 350 هەزار دینار کەمترە، دەتوانێت سکاڵا لە خاوەنکارەکەی بکات،”
بۆ ئەوەی داواکاری کرێکاران بە ئاسانی بگاتە لایەنی پەیوەندیدار و مافیان پێشێڵ نەکرێت، هێڵی گەرمی تایبەت بە کرێکاران دابینکراوە، لەم بارەیەوە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:” هێڵی گەرمی 5005 بۆ کرێکار دابین کراوە، کە لە کاتی ڕوودانی هەر کێشەیەک دەتوانێت پەیوەندی بەو هێڵەوە بکات، ئەگەر کرێکارەکە عێراقی بێت یاخود بیانی.”
بە پێی ئامارەی سەندیکای کرێکاران زیاتر لە 100 هەزار کرێکار بە یاسایی و نایاسایییەوە لە هەرێمی کوردستان هەن .