وەرزش – زاری کرمانجی:
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی جامی کەنداو، دەنگۆی بەشداریکردنی هونەرمەندی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کازم ساهیر بڵاوبویەوە، لە ئاهەنگی کردنەوەی ئەو پاڵەوانێتییە، بەڵام دواتر بە شێوەیەکی کتوپڕ کازم ئامادە نەبوو، ئەمەش کاردانەوەی زۆری هاندەرانی بەدوای خۆیدا هێنا و ڕەخنەی زۆر ئاراستەی ئەو هونەرمەندە عێراقییە کران.
کازم، بێدەنگی شکاند و لە لێدوانێکدا هۆکاری ئامادەنەبوونەکەی ڕوونکردوە.
میدیا عێراقییەکان دەریدەخەن، کە کازم ساهیر لە ترسی باری ئەمنی و پارە نەبووە کە نەهاتوەتە بەسرە بەڵکو ئەو گۆڕانیەی بەدڵ نەبووە کە ئەوان بۆیان دانابوو لە ئاهەنگەکە بیڵێت.
کازم لەوبارەیە دەڵێت: “تەنها یەک جار ئەسعەد عەیدانی، پارێزگاری بەسرە پەیوەندی بە بریکاری کارەکانم کردوە و من هیچ ئەو گۆڕانییەم بەدڵ نەبوو، کە بۆیان پێشنیار کردم لە ئاهەنگی کردنەوەی جامی کەنداو بیڵێم و هیچ هۆکاری دیکە نەبووە و، داوای هیچ پارەیەکیشم نەکردبوو.
ئەو هونەرمەند بەناونگە دەشڵێت: “دڵخۆشم بە سەرکەوتنەکانی هەڵبژاردەی عێراق و هەر کاتێکیش بمەوێت وڵاتی خۆمە و بێ میوانداری و ڕاسپاردە سەردانی دەکەم.”
پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبویەوە، کە کازم داوای یەک ملیۆن دۆلار و فرۆکەیەکی تایبەت و ستافێکی سیکیوریتی کردوە تا سەردانی بەسرە بکات و گۆرانیەک لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتی جامی کەنداو بڵێت.