محەمەد هەسنانی- رواندز:
تەكیە و مزگەوتی گەیلانی لە شاری رواندز مێژووەكەی بۆ سەرەتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، كە لە سەرەتاوە لە ساڵی 1926 لەلایەن سافی هیرانی دامەزراوە، هەروەها ساڵی 2012 لەلایەن سەید مەجید سەید محەمەد نۆژەنكراوەتەوە، یەكێك لە نەوەكانی سافی هیرانی زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو تەكیە بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو.
هانا كاكی هیرانی، یەكێكە لە نەوەكانی سافی هیرانی، بە زاری كرمانجی راگەیاند: لە مێژوویەكی كۆنەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت خانەوادەكەمان خاوەن تەكیەو خانەقا بوونە، بەمەش بەردەوام دەروێش و موریدان روویان تێكردووە زیكر و پاڕانەوە و لێدانی دەف و وتنی سروودی ئایینی، یەكێك لەوانەش بریتی بووە لە تەكیەی گەیلانی لە شاری رواندز، كە مێژووەكەی بۆ ساڵی 1926 دەگەڕێتەوە، لەسەر دەستی مستەفا (صافی هیرانی) دامەزراوە، بەو پێیەی لە كۆنەوە رواندز دۆست و ناسیاو موریدی زۆری پەیڕەوانی تەریقەتی قادری (كاكی هیرانی) لێبووە، هەر لەسەردەمی باپیرم شێخ سولەیمانی (میری سۆر-سۆران) لە ساڵانی 1685-1770) دواتر لەسەردەمی (عەبداللە الپانی) لە ساڵانی 1830-1906 لەلایەن باوكی (صافی) زیاتر پەرەی پێدراوە”.
زیاتر گووتی: سلێمان بەگی كوڕی مستەفا فەندی رواندزی ئەگێریتەوە: كەوا ساڵانە (صافی هیرانی) سەردانی رواندزی كردووە و خەڵكەكەش بەتایبەت دروێش و مریدانی چاوەڕێی هاتنی بوونە، لەكاتی گەیشت بە شارەكە بەدەف لێدان زیكر و سروودی ئایینی بەپیریەوە دەچوون و پێشوازیان لێدەكردن و (كاكی هیران) لە تەكیەی خۆیدا دادەنیشت و ئێواران خەڵكی رواندز مریدانی سافی هیرانی، پاش نوێژی مەغریب خوانچەی خواردنیان ئەهێنا تەكیە و لەوێ نانەكەیان دەخوارد.
ئەوەشی خستەڕوو: وەك سەرچاوە مێژووییەكان باسی لێوەدەكەن، دوای نان خواردن لە تەكیەی گەیلانی لە شاری رواندز بەدەنگ و سەداكەی حاجی عەبدوڵڵا دەفژەن و دەروێش مستەفای دێوانە و عەلیم و ئیسماعیلی كوڕی و خەلیفە حاجی و مەلا عەبدوڵڵا رواندزی و خەلیفە حافزی باپشتی و دێوانە حەمەد ئەمینی عەنبەر، غەزەلەكانی صافی و پانی باوكی بەدەف لێدان ئەخوێندرانەوە، سۆزی دەنگە زولالەكان و زرینگەی دەفەكان و عیشقی دڵەكان ئەهاتنە جۆش و خڕۆش و خۆشەویستی عاریفانە مەجلیسەكەی دائەگرت، لەدونیای ناسووتەوە ئەچوون بۆ دونیای لاهووت و بازنە و كۆڕی زیكری دەروێشان دائەبەسترا تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبوون”.
ئاماژەی بەوەشدا: لەو كاتەدا پیاو ماقولەكانی سنوورەكە پەیوەندیدیەكی توندوتۆڵیان هەبووە و هاتوونەتە خزمەت (صافی هیرانی) هەندێك لەوانە خەلیفە سەمەد خانی برادۆستی و سەید عەلی سەید رەسولی هاودیانی و عەقید فایەق كاك ئەمین و حاجی مستەفای سەفار و حەمەد مەلاك و عەزیز مام سەلیم كاولۆكەی و حاجی ئەحمەدی شەكری و حەمەدئەمین سۆری و حاجی سەعیدە ڕەش و چەندانی دیكەی دەڤەرەكە”.
هانا كاكی هیرانی، دەشڵێت: تا ئێستا و تێپەڕِبوونی نزیكەی سەدەیەك ئەم مزگەوت و تەكیەیەی رواندز ماوە و هەر بەناو گەیلانییە، ئەوەی جێگەی دەستخۆشی كردنە لە چەند ساڵی رابردوو لەلایەن سەید مەجید ئەو تەكییە نۆژەن كراوەتەوە”.