“چەند بەرێوەبەرایەتییەكی دیكە لە ناوچەكە دەكرێنەوە”
شەهلا رەشید- سۆران:
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە دەنگی خەڵك چوونە پەرلەمانی كوردستان، هاووڵاتییان دەپرسن ئەم پەرلەمانتارانە چ كارێكیان بۆ ئیدارەی سۆران كردووە. لەم دیمانەی زاری كرمانجی حەسیبە گەردی، پەرلەمانتاری كوردستان، وەڵامی ئەو پرسیارە و چەند پرسیارێكی دیكەی پەیامنێری زاری كرمانجی دەداتەوە.
حەسیبە گەردی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێ: ئێمە وەك پەرلەمانتارانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، كە نوێنەرایەتی خەڵكی ئەم دەڤەرە دەكەین، بە بەڵگەوە ئەمە باس دەكەم تا رادەیەك بووینەتە جێی متمانەی خەڵكی ئەم دەڤەرە، وەك نووسینگەی پەرلەمان لە سۆران و هەڤاڵانی لقی دە كارێكی زۆر جددیمان كرد بۆ ئەوەی سۆران بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، ئێستاش نزیكەی دوو ساڵە كە بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، رۆژانە خزمەتگوزاری و پڕۆژەی نوێ هەیە، بەم هۆیەش پێشوەچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و بەردەوامیشە، هەروەها هەوڵێكی زۆرماندا كە ژمارەیەكی زۆری بەڕێوەبەرایەتیەكانی گشتی وەك پەروەردە، گەشتوگوزار، تەندروستی..هتد لە سنوورەكە بكرێنەوە، پێشبینی دەكەین ژمارەیەكی دیكەی بەڕێوەبەرایەتی لە ناوچەكە بكرێنەوە، پێشتر قوتابییەكانمان كە دەگەیشتنە پۆلی دوانزدەی ئامادەیی تاقیكردنەوەی دەرەكی هەبوو ساڵانە ژمارەیەكی زۆر قوتابی ناچاربوون لە دەرەوەی سۆران تاقیكردنەوەكانیان ئەنجامبدەن، تەنانەت قوتابی هەبووە پەیوەندی بە منەوە كردووە شەوان لەبەر كەمدەرامەتی توانای ئەوەی نەبووە شوێنێك دابین بكات، ناچار بووە لەناو پارك بخەوێت، ئێمە توانیمان لەگەڵ وەزیری پەروەردە تاقیكردنەوەكان بگەڕێنینەوە سنوورەكە، ئەمەش بووە جێگەی رەزامەندی ژمارەیەكی زۆری قوتابییانی ئەم دەڤەرە، هەموو ئەمانەش كار ئاسانی بوونە بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە و ئەوەی كە كردوومانە زیاتریش هەوڵ دەدەین كار بكەین ئەركی ئێمەیە بەرامبەر ئەم خەڵكە دڵسۆز و تێكۆشەرە.
گەردی، ئەوەشی خستەروو: چەند یاسایەكمان لە پەرلەمانی كوردستان دەركردووە، هەر یاسایەك هاتبێتە پەرلەمان گەنگەشەی لەسەر كراوە، بانگهێشتی ئەو لایەنەمان كردووە و پەیوەندیەكی باشمان لەگەڵ پارێزەرانی سۆران هەبووە، توانیمان بەجۆرێك ئەم یاسانە دابڕێژینەوە كە لە ئاست ئێمە و ئەو كەسانەدا بن كە پێویستیان بەوە هەبووە یاسایەك هەبێت ئەم بۆشایانەیان بۆ پڕ بكاتەوە، وەكو یاساكانی كەمئەندامان، ماددە هۆشبەرەكان، كرێكاران و خوێندنی باڵامان لەبەر دەستە ئەمانە هەموو یاسان بەبێ راوێژكردنی چین و توێژەكانی دەڤەرەكەمان ئەم یاسایانەمان نەبردووتە ناو هۆلی پەرلەمان، هەروەها بە قەزاكردنی سیدەكان، هەروەها داوامان كردووە هەودیان بكرێتە ناحیە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە و هەوڵەكانیش بەردەوام دەبن، هەروەها داوامان كردووە خەلیفان بكرێتە قەزا، بۆیە كاری زۆر باش كراون، لەوانە هێنانی ساڵنامەی ئۆتۆمبێل، پاسپۆرت، زۆر پڕۆژەی دیكەش ماون، بۆیە لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین، هەروەها كار دەكەن بۆ ئەوەی كاری زیاتر بۆ كچ و كوڕانی دەڤەرەكەمان دابین بكەین.
لەبارەی ئەوەی پەرلەمانتاران وەڵامی پەیوەندی خەڵك نادەنەوە، ئەم پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد” رێز لە رای هاووڵاتییان دەگرم و مافی خۆیانە هەر چییەك بڵێن، چونكە ئێمە نوێنەرایەتی دەنگی ئەوان دەكەین، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان پاش دروستبوونی ئەم ئۆپۆزسیۆنە پۆپۆلێستە كە ناتوانێت ئەدای كاری پەرلەمانی خۆی بكات بۆ خزمەتگوزاری پێشكەشكردنی پڕۆژە بۆ سەقامیگركردن و فراوانكردنی یاخود بوون بە ئاوێنەی دووەم بۆ ئەوەی حكوومەت پڕۆژەی جوانتر پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات، بەردەوام موزایدەیان كردووە، ئێمەش خەڵكێكی دڵپاك و هیلاكمان هەیە و بەردەوام قسەی ئەم پۆپۆلیستانە دەبیستن و كاریگەریان لەسەر دروست دەبێ، ئەمەش باش نییە كە وا ببینن لەبەر ئەوەی پەرلەمان موڵكی هیچ پەرلەمانتارێك نییە، بەڵكو بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، بۆیە پێویستە هەموومان رێز لەو بەرهەمە بگرین.
حەسیبە گەردی، پەرلەمانتاری كوردستان، گوتیشی: بەهۆی نەبوونی شوێنی داڵدەدانی ئافرەتان پێشتر سەردانی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتیمان كردووە، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار سەردانی شەڵتەرەكانی ئافرەتانمان كردووە، راستە زۆرجار لەناو خەڵكی ئێمە كە زۆرینەمان موسڵمانین بە چاوێكی خراپ سەیری ئەو ئافرەتانە دەكرێت كە لەناو شەڵتەرەكاندا هەن و بە پەسند نابینن كە شوێنێك یان خانوویەك بۆ داڵدەدانیان هەبێت، بەڵام خۆشبەختانە لێرەش ئێمە لە پێش حكوومەتی عێراقین، لە عێراق تا ئێستا شوێنێك نییە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە بە هەر هۆكارێك بێت پاڵەپەستۆیان لەسەرە، چەند ئافرەتێكیش لەوێ هاتوونەتە هەرێمی كوردستان داڵدەدراون و ژیانییان پارێزراوە، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین شوێنێك بكرێتەوە و ئەو كەسانە تێدا كۆ بكرێنەوە و بەچاوێكی بەزەیی سەیریان بكرێت، بەڵام یاسامان هەیە لایەنی یەكەم و دووەم شوێنێك پێویستە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە لەگەڵ خێزانەكانیان هەیە بپارێزرێن نەك بەمانای شەڵتەر بۆ ئەوەی لە حاڵەت ببێتە دیاردە”.