تانیا سۆفی- زاری كرمانجی:
زانایان سەلماندویانە کە مرۆڤی “دێنیسۆڤان” پێدەچێت سێ ئەوەندەی مرۆڤێکی سەردەمی ئێستا باڵای ئەمڕۆ هەبووبێت، کە باڵای نزیکەی پێنج مەتر و نیو بووە.
مرۆڤی”دێنیسۆڤان” کە لە یەک، دوو دەیەی ڕابردوودا پاشماوەکانی دۆزراونەتەوە، رەنگە دوا مرۆڤی کۆن بووبێت کە لە تەنیشت “هۆمۆساپیێنس” باپیرانی مرۆڤی مۆدێرن ژیاوە. لە ساڵی 2008 زاناکان زنجیرەیەکی جینۆمیان لە ئێسکی پەنجەی کچێک دەرهێنا، کە زیاتر لە 50 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە چیای ئاڵتای لە ناوچە دوورە دەستەکانی سیبیریا بەسترابوو، دەرکەوت کچەکە سەر بە جۆرێکی جیاوازە لە مرۆڤ. بەو پێیەی مۆمیای کچەکە لە ئەشکەوتی دێنیسۆڤا دۆزرایەوە، ئەو جۆرە مرۆڤە ناوی دێنیسۆڤان بوو.
دوای ماوەیەک ددانێکی بەردبوو لە قوڵایی ئەشکەوتی دێنیسۆڤا دۆزرایەوە کە قەبارەکەی 2.5 هێندەی ددانێکی مرۆڤی مۆدێرن بوو. بە پشتبەستن بە قەبارەی ددانەکان.
بەپێی زانیارییەکان، دواتر دەروێشێکی بودایی لە ئەشکەوتێکدا لە تبت کە 3200 مەتر لە ئاستی دەریاوە، چەناگەیەکی مرۆڤی بە ددانێکی گەورەیەوە دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی ئەم چەناگە زانایانی سەرسام کرد، چونکە مرۆڤی مۆدێرن تا نزیکەی 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر نەگەیشتوونەتە ئەو ناوچەیە لە چیای هیمالایا.
هەندێک لە زانایان پێیان وایە، هۆکاری سەرەکی قەبارەی زەبەلاحی “دێنیسۆڤانەکان” ئەوەیە، کە پەرەیان سەندووە بۆ ئەوەی لە سەرمایەکی زۆر و بەرزایی بەرزدا ژیابن.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی جینۆمی “دێنیسۆڤان” گونجاندنیەتی لەگەڵ ژینگە کەم ئۆکسجینییەکان، هەر ئەم تایبەتمەندییەشە کە ڕێگە بە دانیشتوانی تبتی مۆدێرن و گەلی شێرپا دەدات لە بەرزاییە بەرزەکاندا زۆر ئاسوودەتر بژین لە چاو دانیشتوانی ناوچەکانی دیکەی زەوی.
“دێنیسۆڤانەکان” مەودای جوگرافیای فراوانیان هەبووە، و تەنها خەڵکی سیبیریا و چین نەبوون. شوێنەواری DNA یان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە دوورگەکانی میلانیز لە زەریای هێمن دۆزراوەتەوە. بە پشتبەستن بە هەندێک بەرهەمی شوێنەوارناسی، زاناکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە پیاوی دێنیسۆڤان تەنانەت توانیویەتی بگاتە ئەمریکای باکوور.