جەبار عەبدڵڵا مهاجیر
بابەتەكەم دوو تەوەر لەخوی دەگرێت، تەوەرێكیان باس لە ڕۆڵی دایك دەكات و تەوەری دووەم باس لە رۆڵی مامۆستا دەكات، بێگومان هەردووكیان دەورێكی كاریگەر دەبینن لە پەروەردەكردنی منداڵ، ئەگەر بێین باس لە ڕۆڵی دایك بكەین لە پەروەردەكردن و پێگەیاندنی منداڵ ئەوە بۆمان دەردەكەوێت كە دایك قوتابخانەی یەكەمە لە دروستكردنی منداڵێكی پەروەردەگار و ڕەوشت جوان، وەك زاناكان دەڵێن منداڵ وەك پەڕەیەكی سپی وایە چۆنی خەتی پێدا بكێشی ئاوا وەری دەگرێت و فێری دەبێت ئیتر ئەستەمە ئەو خەتە جارێكی تر ئەولا ئەولا بكاتەوە، زۆربەی دایكان بۆ حەزی منداڵەكانیان وا هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكەن، یان فێری شێوازێكی هەڵسوكەوت دەكەن كە بۆ ئایندەی ئەو منداڵە خراپە و ئەستەمیشە ئەو شێوازە فێربوونە بگۆڕێت لەداهاتوودا، چونكە داهاتووی منداڵ بەندە بەو چوارچێوە ژینگەیە كە خێزان دروستی كردووە، هەموو دایكان میهرەبانن بۆ منداڵەكانیان بەڵام ئارەزووی هەمویان وەك یەك نییە بەشێكیان گوێ بە ویستی منداڵەكانیان نادەن و بەشێكی تریان لەئاست و یستەكانی منداڵ پێشوەختە ئامادەكاری بۆ دەكەن.
سەردەم تا سەردەم جیاوازە لە سەدەكانی رابردوو دایكان دەسهەڵاتێكی نموونەیان هەبوو لە پەروەردەكردنی منداڵەكانیان بەبەراورد بەجیهانی ئەمڕۆ، جیهانی نوێ ئەركی دایكانی ئاسانتر كردووە و داهاتووی منداڵانی گۆڕی بۆ نمونە سەرهەڵدانی تەكنلۆجیا كە زۆر باوە لەنێو كۆمەڵگەدا، ئەگەر منداڵێك بەنموونە وەربگرین لە هەڵبژاردنی دایك بەبەراورد بە تەكنەلۆجیا ئەوە بێ شك تەكنەلۆجیا هەڵدەبژێرێ، ئەمەش بەزەرەری كۆمەڵگا تەواو دەبێت، تەوەری دووەم ڕۆڵی مامۆستا لە پەروەردەكردنی منداڵ، مامۆستا كەسی دووەمە لە پەروەردەكردنی منداڵ بەڵام چ منداڵێك، ئەو منداڵەی كە بەقۆناغێكی خراپ پەروەردەكراوە لەناو خێزان یان ئەو منداڵانەی بە پەروەردەیەكی جوان، دەرهاوێشتەی هەردووكیان زوو دەردەكەوێت، دەتوانم بڵێم مامۆستا باشترین كەسە بتوانێت بەراوردی نێوانیان بكات، هەموو ئەو هەوڵانەی مامۆستا كاری لەسەر دەكات بە بەرنامەیەكی داڕێژراوی هەیە بەو مەرجەی خێزانەكان یارمەتی دەربن تا مامۆستا ئامانجەكەی دەپێكێت.
بەڵام تاكو ئیستا ئەوەی بۆتە بەربەست لەبەردەم پلانەكانی مامۆستا خێزانە كە هەریەك و دوای ئارەزووی منداڵەكانیان كەوتوون نایانەوێت منداڵەكانیان ببنە قوربانی لە بەرامبەر پەروەردەیەكی جوان و زانستێكی گرنگ كە هەموومان پێویستیمان پێیە و داهاتووی هەمومان لەسەری بەندە، بۆیە هەوڵەكان و ڕۆڵگێڕانی دایكان و مامۆستایان خەریكە بوونی نامێنێت لەپەروەردەكردنی منداڵ و تەكنەلۆجیا ببێتە شوێنگرەوەی، ئەمەش پێشهاتێكە لەداهاتوو بە ئەگەرێكی زۆرەوە سەرهەڵدات و دەتوانم بڵێم ئیستا سەرەتاكەیە كە زۆر بەهێواشی دەستی پێكردووە و خۆی خزاندۆتە نێو خێزان و كۆمەڵگای تەنیووە.