سەردار قازی – چۆمان:
هەر كە پێ دەنێیتە دەروازەی قەزای چۆمان، هەستی بە كەمی جوڵە و ساردی بازاڕەكەی دەكەیت و، دانیشتووانی ئەوێ هۆكارەكەی بۆ كەمی رێژەی دانیشتووانی قەزاكە دەگەڕێننەوە.
بەفر چیاكانی چۆمانی داپۆشیوە، هێشتا نەهاتۆتە نێو شار، ساڵی رابردوو ئەوكاتانە بەفر لەنێو چۆمان باری بوو، چەند رۆژێكیش مابویەوە. بەگوتەی هاووڵاتیانی ئەو قەزایە ئەمساڵ سەرماكەی وشكە و، رێژەی بەفری چیاكانیش بەراورد بەساڵی رابردوو كەمبوەتەوە.
كاسبكارانی قەزاكە دەڵێن، گەر جوڵەی گەشتیاران نەبوایە، دەمێك بوو شارەكەمان جێهێشتبوو.
سیروان محەمەد ئەمین، كاسبكارێكی بازاڕی چۆمانە، بینیمان لەبەردەم دوكانەكەی چاوەڕێی كڕیار بوو تا بەدەم پێشوازی گەرمەوە بیاتە نێو دوكانەكەی. ئەو كاسبكارە بەزاری كرمانجی گووت: “لە مانگی 10 ـەوە تا سەرەتای مانگی 3، پچڕ پچڕ جوڵە لەم بازاڕە هەیە، گەر گەشتیار نەبونایە دەمێك بوو چۆمان ـمان جێهێشتبوو. داهاتی ئەو شەش مانگە تەنانەت بەشی كرێی مانگانەی دوكانەكەشمان ناكات.”
چوار شارەدێ و پتر لە 100 گوند، دەكەونە سنووری قەزای چۆمان.
چۆمان، یەكێك لە قەزاكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ـە، كە دەكەوێتە سەر رێگای ھامڵتۆن. ئەم قەزایە 180 كیلۆمەتر لە باكووری پارێزگای ھەولێر و 25 كیلۆمەتر لە سنووری ئێران دوورە. قەزای چۆمان ساڵی 1961 دروست كراوە و ساڵی 1970 كراوەتە بە قەزا. بەگوێرەی سەرژمێرییەك كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010، ژمارەی دانیشتووانی ئەم قەزایە 28هەزار و 404 كەس بووە.