محەمەد ئامۆکەیی – زاری کرمانجی:
شاخەوانێک بۆ بینینی دیمەنە سەر سوڕهێنەرەکانی ئەشکەوتێک گەشتێکی سەخت و مەترسی دار ئەنجام دەدات.
سۆزدار ئەحمەد, سەرۆکی گروپی شاخەوانی هەریر کە سەردانی
ئەشکەوتی گەورەی نواوەی کردووە بە زاری کرمانجی راگەیاند:“ ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە دامێنی چیای شیشار و کۆتایی دۆڵی بالیسان و سەرەتای دەشتی بیتوێن کە سنووری گوندی نواوەیە و لە ناحیەی بێتواتەی ئیدارەی ڕاپەڕین“.
ئەو شاخەوانە بەسەر سوڕمانی و ترسەوە باس لە گەشتەکەی دەکات و دەڵێت:“ بەڕاستی لە جوانی دەگمەنە و سەرسوڕهێنەرە، بەقەد جوانیەکەی سەخت و مەترسی دار و ترسناکە، تکام وایە کە بڕیار نەدەن بۆ سەردانی کردنی چونکە زۆر لێژە و بست بە بستی خلیسکە و وەک سان لوسە و ئەگەری خزین هەیە، هەرکەسێکیش بۆی بچێت دەبێ پڕ تەکنیک بێت. و دەرگای چوونە ناوی زۆر تەسکە لەسەر زگ دەبی بۆی بچیت.
سۆزدار ئەحمەد، باسی لەوەشکرد:” دوای بڕینی نزیکەی ٢٠٠ م بۆ قوڵایی ئەشکەوتەکە بەهۆی ڕوخان و تەسک بوونەوەی ڕێڕەوەکان و ئاستەم بوونی زیاتر ڕۆیشتن، بڕیاری گەڕانەوەمان دا، دوای دوو کاتژمێر چوون و گەڕانەوە بەسەلامەتی گەیشتینەوە دەرگای ئەشکەوتەکە.