مستەفا دۆلەمەری- مێرگەسۆر:
راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە چوار چێوەی ئەو پلانانەی كە ئێمە دامان نابوون وەرزی یەكەمی خوێندن كە سمستەری پایزەی پێدەگوترێت، زۆر بە سەركەوتووی بەڕێوەچوو، پلانێكی باش و تۆكمە دانراوە بۆ پێشخستی پەیمانگەكەمان بە باشترین كواڵیتی .
د. تاڵب محەمەد، راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، دووپاتی كردەوە:” لە داهاتوودا چەند بەشێكی نوێ و گرنگ لە پەیمانگەكەمان دەكەینەوە كە لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان خواستی زۆریان لەسەرە، كە پێكهاتوون لە بەشی هەنگ، رووەكە پزیشكییەكان، بۆ كردنەوەی ئەم بەشانەش، پێداویستی زۆری وەك تاقیگەی كیمیای پێویستە، هەروەها پێویستە نەخشەی باڵەخانەكانی پەیمانگەش فراوان بكرێت.”
گووتیشی:” لە چەند رۆژی رابردوو تیمی ئەندازیارانی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەندازیاری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، سەردانی پەیمانگەیان كرد بە مەبەستی رووپێووكردنی زەوی چوار دەوری پەیمانگە و ئامادەكردنی نەخشەی تۆبۆگرافی بۆ مەبەستی دانانی نەخشەی بنەرەتی و دیزاینكردن و فراوانكردنی كەمپسی پەیمانگە لە داهاتوودا، بۆ خزمەتكردنی بواری ئەكادیمی و زانستی زیاتری ناوچەكە.”