شەهلا رەشید – زاری كرمانجی:
ساردبوونەوەی پێیەكان لەكاتی خەوتن كێشەیە زۆرجار بەم هۆیەوە خەومان لێ ناكەوێت، بۆیەش نووستن بە گۆرەویەوە راهاتنێكە لەكاتی خەوتن كەسەكان گۆرەوی لەپێ دەكەن و خەوێكی باشتریان دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزە ساردەكاندا بەبێ ئەوەی دەربارەی سوود و زیانەكانی بزانن، بەپێچەوانەشەوە هەندێك كەس هەر كە دەچنە ناو جێگا گۆرەوییەكانیان دادەنێن تا خەوێكی ئاسوودەتریان هەبێت، ئەمەش واتا تاكەكان بەشێوەیەكی فیزیكی و لەخۆوە لەشیان بەم كارە هەڵدەستێت، بەڵام لەپێكردنی گۆرەوی لەخەودا سوود و زیانی خۆی هەیە.
-كاتێ گۆرەوی لەپێ دەكەین بۆ خەو، پێش خەوتن بەباشی پێیەكان بشۆن و وشكی بكەنەوە چونكە لە شوێنی تەڕدا بەكتریاكان باشتر و بەئاسانی گەشە دەكەن.
-ئەو گۆرەوییەی كە بۆ خەو لەپێ دەكەیت پێویستە بەتەواوی پاك و خاوێن بێت، نابێ لەو گۆرەوییانە بێت كە بە درێژایی رۆژەكە لەپێ كراوە.
-سوودەكانی لەپێكردنی گۆرەوی بۆ خەو، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی خەوێكی ئاسوودەتر، چونكە سەرما یەكێكە لەو هۆكارانەی كە بەهۆیەوە گۆرەوی لەپێ دەكرێت بۆ خەو، ئەگەر پێیەكان سارد بن، خەوتن قورس دەبێت، بە لەپێ كردنی گۆرەوی پێیەكان گەرم دەبنەوە و بەئاسانی خەوێكی ئاسوودەت دەبێت، هەروەها سووڕی خوێن لە پێیەكاندا خێراتر دەكات و ئەمەش دەبێتە هۆی گەرمبوونەوەی، هەروەها باشترین رێگەیە بۆ رێگریكردن لە دروستبوونی شەقبوونی پاژنە و یارمەتی شێداری پێستی پێ دەدات و بە نەرمی رایدەگرێت.
ئایا خەوتن بە گۆرەوەییەوە زیانی هەیە و دەبێتە هۆی كزبوونی چاو؟
ئەمە پرسیارێكە كە زۆربەی خەڵك دەپرسن و هەندێكیش بڕوایان پێیەتی، بەڵام خەوتن بە گۆرەوییەوە كێشەیەكی وا تایبەت دروست ناكات، ئەگەر كێشەیەكیش رووبدات دەگەڕێتەوە بۆ جۆری گۆرەوییەكە و شێوازی بەكارهێنانی، بۆ نمونە گۆرەوی زۆر ئەستوور بەكارمەهێنن كە هیچ دەرچەی هەوای تێدا نەبێت و هەوا لە پێ نەدات، گۆرەوی لەپێی منداڵ مەكەن لەكاتی خەودا، چونكە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لەشی منداڵ زۆر گەرم ببێت، تەنیا لەدوای گەرماوێكی گەرمەوە گۆرەوی لەپێ بكەن، گۆرەوی پاك بەكاربهێنن، پێش لە پێكردنی گۆرەویش بەباشی پێیەكان بشۆن، بەڵام پاش شۆردنی بە تەواوی پێیەكان وشك بكەنەوە تاكوو نەبێتە هۆی شێداری و دروستبوونی بەكتریا.
زانیاری گشتی تەندروستی