زاری کرمانجی – بەغدا:
چاودێرانی سیاسی ئاماژەبەوەدەکەن، بافل جەلال تاڵەبانی لە کار و باری سیاسی شکستی هێناوە و دەڵێن، بۆ بەرژەوەندی خۆی خەریکە سلێمانی و دانیشتوانی دەکاتە قوربانی.دەشڵێن، وەك گرووپی مافیا دەستیان گرتووە بەسەر داهاتی سلێمانی و یاری بە پرسی گاز و هاوردە و ناردەكاری بەو شارەوە دەكەن، كەس ناپرسێ كوا داهاتی مەرزەكان؟ كوا داهاتی فرۆشتنی ئەو هەموو شتانە لە سلێمانی و بۆ پارەكە ناگەڕێتەوە بۆ حكوومەت .
بەهمەن عەباس چاودێری سیاسی، گووتی:” بافڵ تاڵەبانی بەرپرسیاری یەكەمە لە بردنی سەروەت و سامانی شاری سلێمانی بۆ دروستكردنی لۆبی سیاسی لە بەغدا، ئەو پارەیەی لە سلێمانییەوە بۆ مووچەی خەڵك پەیدا دەكرێت، وەك سەرچاوەی نادیار دەبرێتە دەرەوە و خەڵكیش ناچار دەبێت تەماشای یارییە قێزەونەكانیان بكەن، هەرجارێك كە پارەیەكی زۆر لە سلێمانی دەبرێتە دەرەوە، سیناریۆی جیاواز دروست دەكرێت، ماوەیەك بەهۆی دیارنەمانی پارەی بانكەكانەوە هاتن پرسی هێرشكردنە سەر حكوومەتیان كردە ئامانج، گوایە پارەی سلێمانی نادات، بۆ ئەوەی خەڵك بیری بچێتەوە چییان كردووە، دواتر هاتن سنۆبەرەكانیان سووتاند و زەوییەكانیان كردە پرۆژە، ئینجا هاتن پاكتاوی حسابی سیاسیی ناوخۆیان كرد و گوتیان ئەمە گڕووپێكی دیكەی ناو یەكێتی ئەو كارەیان كردووە و ئێمە راستمان كردووەتەوە، دواتر پرسی نەمانی خزمەتگوزاری و شكستی تیمی ئەوان لە حكوومەت و دیارنەمانی پارە لە سلێمانی سەری هەڵدایەوە، هاتن بە سیناریۆی قێزەون و تیرۆكردنی خەڵك لە هەولێر، ویستیان خەڵكی سلێمانی فۆكس لەسەر ئەو پاشاگەردانی و دزی و فزیەیان نەكات.
دووپاتی کردەوە: ”چەند ساڵە پارە لەلایەن حكوومەتەوە بۆ پرۆژەكان لە سلێمانی خەرج دەكرێت، بەڵام پارەكە دیار نامێنێت، ئەوەتا رێگای جووتسایدی كەلار بۆ سلێمانی چەند ساڵە كاری تێدا دەكەن، پارەی بۆ خەرج دەكرێت و كەس نازانێت ئەمە چی بوو بۆ تەواو نەبوو؟ پرۆژە هەیە لە سلێمانی زیاتر لە جارێك پارەی بۆ خەرج كراوە، كوان پرۆژەكان ئەی پارەكەی چی لێهاتووە؟.“
گوتیشی:” سەرجەم ئەم وێرانكارییانە لە سلێمانی یەكێتی دەیكات و پارەی خەڵكی سلێمانی دەبرێت بۆ بەغدا، بۆ كڕینی دەنگی خەڵك و ڤێلا و خانوو و زەوی، بافڵ تاڵەبانی لێی بەرپرسیار، چونكە ئەو نەیتوانیووە ئیدارەیەكی باشی سلێمانی بكات، ناچار بە دروستكردنی سیناریۆی جۆراوجۆر دەیەوێت خەڵك باسی ئەو بەهەدەردانە نەكات، جیالەوەش، ئەو پارەی لە هەولێرەوە بۆ مووچە دەچێتە سلێمانی، لەوێ دەیانەوێت بە ئارەزووی خۆیان یاریی پێوە بكەن، بەجۆرێك، هەندێك جار مووچەی خەڵك دوادەخەن بۆ ئەوەی لەپشتەوە پاكتاوی حسابیی خۆیانی پێ بكەن، كە لە رێگای بانكەكانیانەوە دەیكەن.