مامۆستایەك: ئەو بارگرانییەی منداڵان دەبێتە هۆی بێزاری و رق هەڵگرتنیان لە قوتابخانە
پزیشكێك: ئەو بار قورسییەی قوتابییان هۆكارێكە بۆ خوار بوونی ئێسكەكانی پشتیان
موڕشید برادۆستی – سۆران:
بەهۆی ئەو سیستەمەی وەزارەتی پەروەردە كە ساڵانێكە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێی دەكات، قوتابیانی پۆلی یەكەم و دووەم كە دەستپێكی خوێندنییانە، هاوشێوەی قۆناخەكانی دیكە ناچار دەكرێن رۆژانە كۆمەڵێك پەرتووك بە مەودایەكی زۆر هەڵگرن و هاتووچۆی پێ بكەن. بە گووتەی مامۆستایان و كەس و كاری قوتابییانیش، كێشی ئەو پەرتوك و جانتایە، لە هێزی ئەو منداڵانە زیاترە و گرفتیان بۆ دروست دەبێت. پزیشكێكی پسپۆڕی ئێسك و شكانیش، هۆشداری بە وەزارەتی پەروەردە دەدات و داوا دەكات، رێگە چارەیەك بدۆزنەوە، بەهۆی جانتا و بار قورسییان، بەشێك لەو منداڵانە تووشی خواربوونی ئێسكەكانی پشتیان دەبن و ئازاری بەردەوامیان دەبێت.
راژان عەباس دایكی یەكێك لە قوتابیی قۆناخی بنەڕەتییە و دەڵێت:” رۆژانە منداڵەكەم سەرجەم ئەو پەرتووكانە بۆ قوتابخانە لەگەڵ خۆی دەبات كە لە سەرەتای ساڵ پێی دراوە، واتە هیچ رۆژێك بە پێی خشتە پەرتووكەكان نابەن و پێكەوە دەیبەن، ئەمەش بارگرانی زۆر لە سەر پشتی منداڵەكانمان دروست دەكات و زۆر پێوەی ماندوودەبن، چونكە بە پیادە هاتووچۆ دەكەن.
دەشڵێت:” ئەوەی لای ئێمە جێگەی تێبینییە، منداڵێكی شەش ساڵان و پۆلی یەكی بنەڕەتی، لەگەڵ گەنجێك 18 ساڵان و پۆلی 12 بەهەمان شێوە وەك یەك ئەژمار دەكرێن و هەموویان 40 خولەك وانە دەخوێنن، پێویستە جیاوازیەك لە نێوانیان بكرێت و هەوڵ بدرێت پەرتووك و ماوەی وانە خوێندن كەمبكرێتەوە.
دڵشاد گەردی مامۆستایە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی گووت:” منداڵ وەك پێكهاتە و لە قۆناخی تەمەنی ناسك و هەستیارە، بۆیە پێویستە هەڵوەستە وەربگرین لەسەر ئەو شتانەی كە زیانیان پێدەگەینێت، لە پۆلی یەكەم و دووەمی بنەڕەتی چەند پەرتووك و پڕۆگرامێك دەخوێندرێت، كە كێشی پەرتووكەكان زۆر لە كێشی ئاسایییان زیاترە.
مامۆستا دڵشاد، دووپاتی كردەوە، ئەو بارگرانی و بێزاریەی منداڵ، دەبێتە هۆی ماندووبوون و برسی بوونیان، ئەمەش وادەكات زیان بە جەستەی قوتابیەكە بگەینێت و گەشەی لاواز دەبێت، وە پاش ماوەیەك تووشی پشت ئێشان دەبێت یاخود كاریگەری لەسەر رێك راوەستانی دەكات، لەبەر ئەوەی منداڵ بەردەوام جوولە دەكات و حەزی پێدەكات، بۆیە ناتوانێ تا ماوەیەكی زۆر لە سەر كورسیەكەی دابنیشێت كە 40 خوولەكە، بۆیە پێویستە كاتی خوێندنیش كەمبكرێتەوە تا كاریگەری لەسەر تەندرووستی منداڵان دروست نەكات.
ئاشكراشی دەكات، بارگرانی منداڵان و قوتابییانی قۆناخی یەكەم و دووەمی بنەڕەتی، دەبێتە هۆی بێزاری و رق لێبوونەوەیان لە قۆتابخانە، ئەگەر رێگەكە دوور و سەخت بێت، بە تایبەتیش لە گوندەكان، كە قوتابی ناچارە بەم بارە قورسەوە بەسەر چەندین بەرزی و نزمیدا بڕوات تا دەگاتە قوتابخانە، لە كۆتایدا كاریگەرییە دەروونی بە دیار دەكەون و وا دەكات لە قوتابخانە رابكات یا خۆی نەخۆش دەكات تا نەچێتە قوتابخانە، لە هەمان كات، ئەگەر دایكان و باوكانیش هەموو رۆژێك جانتای بۆ هەڵبگرن، دەبێتە هۆی باوەڕ نەبوون بەخۆی و هەمیشە پشت بە كەس و كاری ببەستێت”.
سابیر فەرهاد مامۆستا لە قوتابخانەی مجێسەری بنەڕەتی لە سنووری قەزای سیدەكان، بە زاری كرمانجی گووت:” ئەمە گرفتێكە لە تەواوی كوردستان بوونی هەیە و پێویستە بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە بەدوواداچوونی بۆ بكەن و بە رژدی كار لەسەر ئەم بابەتە بكرێت، بەهۆی هاتووچۆ بە مەودایەكی زۆر بە شێوەی پیادە و سەختی رێگا و بارقورسی قوتابیان لە گوندەكان زیاتر رەنگدانەوەی هەیە، ئەمەش بەردەوام دەبێتە گرفت و كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی قوتابیكە جێدەهێڵێت.
مامۆستا سابیر پێشنیار دەكات، پەرتووكەكان لێك بدرێن یا پوخت و كەم بكرێنەوە، چونكە بەڕاستی كێشی كتێبەكان زۆر قورسە بە بەراورد بە تەمەنی قوتابیەكان و توانایان، بە تایبەت پۆلی یەكەم و دووەمی سەرەتایی، بۆیە لە رێگەی زاری كرمانجی داواكارم وەزیری پەروەردە خۆی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكات و هەوڵی تەواو بدات ئەم گرفتە چارەسەر بكات .
لای خۆیەوە، د. مەقسوود ئیسماعیل، پسپۆڕ لە بواری ئێسك و شكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بە شێوەیەكی گشتی، جانتای قورسی قوتابییان كاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان و ئەو قوتابییانە دروست دەكات كە لە دەستپێكی خوێندندان، چونكە تەمەنیان بچووكە و كێشی ئەو پەرتووكانەش زۆرە كە رۆژانە لەگەڵ خۆیان دەبنە قوتابخانە و دەیهێننەوە .
زیاتر گووتی:” چەندین جار لە لایەن كەس و كاری قوتابییان، بەهۆی ئەو كێشەوە منداڵەكانیان هێناوەتە لامان و تووشی پشت ئێشە هاتوونە، هەر بارگرانییەك بۆ قوتابی تەمەن شەش ساڵان و حەوت ساڵان، دەبێتە هۆی خوار بوونی ئێسكەكان و ئازاری بەردەوام بە تایبەت ئەو منداڵانەی ئێسكە نەرمەیان هەیە، یا ئەو منداڵانەی كێشیان زۆرە، چونكە ئەگەر بە دەستیش بێت منداڵەكە ماندوودەبێت، پێویستە وەزارەتی پەروەردە چارەسەرێك بۆ ئەو قوتابییانە بدۆزێتەوە، ناكرێت هیچ جیاوازیان لەگەڵ قوتابییانی قۆناخەكانی دیكە نەبێت.
گووتیشی:” لە هیچ وڵاتێك شتی وا بوونی نییە، قوتابی لە پۆلی یەكی بنەڕەتی ئەو هەموو كتێبەی پێ هەلبگیرێت، تەنانەت لە خوێندنگە ئەهلی و ناحكوومییەكانیش تەنها كتێبێك یان دوو هەڵدەگرن، ئەوانی دیكە هەموو لە قوتابخانەكە جێدەهێڵن.
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی، بابەت و وانەكانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی كە تەمەنیان تەنها شەش ساڵانە، بە هەمان شێوەی قۆناخەكانی دیكە دەخوێندرێت، بابتەكانیش پێكهاتوون لە وانەكانی كوردی، ئینگلیزی، بیركاری، زانستەكان، ئاین، بەهاكۆمەڵایەتیەكان، وەرزش و هونەر، ئەمە لە كاتێكدایە، بۆ ماوەی 40 خولەك بۆ هەر وانەیەك لە ژوورەوە دەبن و لەسەر ” رەحلە ” دادەنیشن.