مامۆستایەك: قوتابییانی پارالێڵ مافی قوتابی زانكۆلاین ناخوات و ئاساییە لە بەشێكدا لەسەر یەك كورسی بن”
قوتابییەك: داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەم بۆ نەهێشتنی ئەو جیاكارییە خوێندنی پارالێڵ نەمێنێت
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران: رێژەی وەرگرتن بە پارالێڵ زۆر كەمتر بوو بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو
مستەفا دۆلەمەری- سۆران:
لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان، لەپاڵ خوێندنی حكومی و بە خۆڕای، خوێندن بە سیستەمی پارالێڵ هەیە، بە پێێی ئەو سیستەمە، قوتابی بە نمرەی كەمتر وەردەگیرێتت، بەڵام لە بەرامبەردا ساڵانە بڕێك پارە وەك كرێی خوێندن دەداتە ئەو شوێنەی لێی دەخوێنێت، ئەو قوتابییانەی كە ناویان بە پارالێڵیش دەگەڕێتەوە لە كاتی دەرچوون و بە دەست هێنانی بڕوانامە، بە هەمان شێوەی ئەو قوتابیە كە بەهەوڵ و ماندوبوون و شەونخوونی زۆر و نمرەی بەرز و بە زانكۆلاین وەرگیراوە، ئەژمار دەكرێت و جیاوازیان نییە، بە گوتەی قوتابیان، پارالێڵ یەكێكە لەو سیستەمانەی كە بارێكی قورسی لەسەر كەس و كاریان دروست كردووە، لەم راپۆرتەدا چەند قوتابیەك ومامۆستایەك راو بۆچوونی خۆیان لەسەر خوێندنی پارالێڵ دەخەنەڕوو.
محەمەد شێروان قوتابی زانكۆ، بە زاری كرمانجی گووت:” سەرەتا لە پۆلی ١٢ زۆر هەوڵمدا تاوەكو نمرەیەكی بە دڵی خۆم بەدەستهێنا كە 85 بوو، چەندین شەونخوونیم كردوە تاوەكو گەیشتم بەزانكۆ و بە خۆڕای بخوێنم، بەڵام كە چوومە زانكۆ چەند قوتابیەك نمرەیان زۆر لە من كەمتر بوو، بە پارالێڵ ناویان گەڕابۆوە، ئەمەش بۆمن زۆر ناخۆش بوو، چونكە زۆرم هەوڵدا تاوەكو ئەو نمرەیەم هێنا، كەچی دەبینم قوتابی دیكە كەمتریان هەیە و لەگەل منیش لەهەمان پۆڵ و بەشدان، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەم هەوڵبدرێت خوێندنی پارالێڵ و بەپارە لە كوردستان نەمێنێت، بۆ ئەوەی چیتر ئەو جیاوازیە لە نێوان كەس و خوێندندا نەمێنێت”.
ئارام مستەفا، قوتابیەكی دیكەی زانكۆیە، ئاماژەی بەوەدا:” زۆرجار بێ هیوادەبم لەو خوێندنە، چونكە من زۆر هەوڵـم دا تاوەكو گەیشتووم بەو بەشەی كە ئامانجم بوو، بەڵام كە دەبینم قوتابیەكی تر بە نمرەیەكی كەمتر لەمن لەسەر هەمان كورسی دانیشتوە دەخوێنێت، ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەیە كە دەوڵەمەندە و پارەی هەیە، بۆیە هیچ ئارەزوێكم بۆ خوێندن نامێنێت و بە بەردەوامی بیردەكەمەوە ئەگەر خوێندنیش تەواو بكەم، هەر ئەو قوتابییە كە بە پارالێڵ دەخوێنێت هەلی دامەزراندنی لەمن زیاترە، چونكە ئەو لەمن دەوڵەمەندتر و دەست رۆییشتووە و هەلی دەست كەوتنی كاری زیاترە، بۆیە داواكارم ئەگەر ئەو سیستەمە هەر بەردەوامیش بێت با رێژەكەی كەمتر بێت، بۆ ئەوەی ئێمەش چیتر هەست بەو جیاوازیە نەكەین”.
سەیران سەفین بە هەمان شێوە قوتابی زانكۆیە، بە پێچەوانەی قوتابیەكانی دیكە بیر دەكاتەوە، ئەو خۆی لە پارالێڵ دەخوێنێت و دەڵێت:” هەست دەكەم كە زانكۆ وردە وردە بە بازرگانی دەكرێت، چونكە من كە بەشێوەی پارالێڵ دەخوێنم برە پارەیەك دەدەم لە پێناو خوێندنم و بۆ مانەوەشم لە بەشە ناوخۆی پارە دەدەم ئەمەش بارگرانیەكی زۆرە لەسەر ئێمە و كەسوكارمان، پێشووتر هیچ بڕە پارەیەك لە خوێندكاران وەرنەدەگیرا، بەڵام لەئێستادا بری ٣٠٠ هەزار دینار لە خوێندكار وەردەگیرێت لە پێناو مانەوەی لە بەشە ناوخۆیەكان.
دەشڵێت:“ خەڵكی وادەزانن ئەگەر پارالێڵ بیت پارەی زۆرە و دەوڵمەندە، نەخێر وانیە، قوتابی نمرەی كەم بووە یاخود ئەو بەشەی ئارەزووی بووە وەرنەگیراوە بە پارالێڵ وەرگیراوە.
كاروان محەمەد، مامۆستا لە زانكۆی سۆران، لەم بارەیەوە بە زاری كرمانجی راگەیاند:” سیستەمی پارالێڵ نابێتە هۆی ئەوەی كە جیاوازی بكرێت لە نێوان قوتابیانی زانكۆلاین و پارالێڵ، لەبەر ئەوەی ئەو قوتابییەی كە بەسیستەمی پارالێڵ وەرگیراوە و ئەو قوتابیەی كە بەسیستەمی زانكۆلاین وەرگیراوە یەك جۆر پسیار یان بۆ دێتەوە، هەرجۆرە چالاكیەكیش بكرێت لە هەموو سیستەمێك وەكو یەك پەیڕەودەكرێت، بۆیە من پێم وانیە كە هەبوونی سیستەمی پارالێڵ ببێتە هۆی جیاوازی لە نێوان قوتابیانی پارالێڵ و زانكۆلاین.
زیاتر گووتی:” لە هەموو دونیادا خوێندن بە پارە هەیە و سیستەمی پارالێڵ دەرفەت دەرەخسێنێت كە هەندێك قوتابی بگات بە بەشی دڵخوازی خۆیان، لە هەمان كاتدا، بۆ حكومەت و خودی زانكۆ دەبێت بە بەشێك لە داهات، ئەگەر بكرێت ئەم داهاتە جارێكی دیكە لە پڕۆسەی سیستەمی خوێندنی باڵادا خەرج بكرێتەوە كە دەكرێت سیستەمی خوێندنی باڵا بەرەو پێشەوە ببات، ئەگەر بێت ئەم داهاتە بەباشی خەرج بكرێتەوە بۆیە لە زۆر لایەنەوە من دەبینم كە خاڵە باشەكانی پارالێڵ زیاترن لە خاڵە لاوازەكانی .
دووپاتی كردەوە:” سیستەمی پارالێڵ لە ناو زانكۆكان بە سیستەمێكی خراپ نابینم، پێم وانیە جیاوازی بكرێت لە نێوان قوتابیانی زانكۆلاین و پارالێڵ، ئەم جیاوازیە زیاتر لە زانكۆ ئەهلیەكان دەبینین، لە پارالێڵ تەنها جیاوازی لەسەرەتای وەرگرتن دەبیندرێت ئەویش بەچەند نمرەیەكی كەمتر”.
گوتیشی:” ئەو قوتابییەی كە بە پارالێڵ وەردەگیرێت مافی ئەو قوتابیە كە بە زانكۆلاین وەرگیراوە ناخوات بەڵكو ئەو بە كورسیەكی تایبەتەوە هاتووە بخوێنێت لە بەرامبەردا پارە دەدات، ئەو تێگەیشتنەی كە دروست بووە زۆرجار خۆپیشاندانی قوتابیەكانیش دەبینین لە راستیدا من بە گونجاوی نازانم، چونكە لەسە حسابی ئەو قوتابیە ناهاتۆتە ئەو بەشە زانستیە بخوێنێت، من لایەنگری سیستەمی پارالێڵ ناكەم هەمیشە لایەنگری سیستەمی زانكۆلاینم بەڵام لەبەر ئەوەی قوتابیە پارالێڵەكە مافی قوتابیە زانكۆلاینەكە ناخوات زۆر ئاسایە كە بەیەكەوەش لەسەر یەك كورسی دابنیشن”.
لای خۆشیەوە، د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران بۆ كاروباری قوتابیان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” جیاوازی نمرەی پارالێڵ تەنها ” 5 ” نمرە كەمترە لە خوێندنی بەیانیان، بەشێوەیەكی گشتی لەساڵی ٢٠٢٢ لە زانكۆی سۆران هەندێك بەش لە %٨ قوتابی وەرگرتووە هەندێك بەش هیچ قوتابی وەرنەگرتووە، نزیكەی %١٠ قوتابییان بەسیستەمی پارالێڵ وەرگیراون، لە زانكۆكەكان رێژەیەكی زۆرنییە.
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران بۆ كاروباری قوتابیان، دەڵێت:” پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵایە، ساڵانە نزیكەی %٤٠ قوتابیان بە سیستەمی پارالێل وەردەگیرێن، بۆ هەر بەشێكی زانستی بە مەرجێك ئەگەر قوتابی داواكاری لەسەر هەبێت، بە شێوەیەكی گشتی ئەمساڵ رێژەی وەرگرتن بە پارالێڵ زۆر كەمتر بوو بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو”.