زاری كرمانجی – هەولێر:
ئهمڕۆ چوارشهم مەسرور بارزانی سهرۆكی حکوومەتی ههرێمی كوردستان پێشوازی له باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.
له كۆبوونهوهکەدا پەرپێدانی پهیوهندییهكانی ئهمهریكا و ههرێمی كوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق تاووتوێ كران.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دووپات کردەوە. گوتیشی هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی بەتایبەتی ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوت وگاز کە پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، چونکە چارەسەرنەکردنیان کاریگەریی خراپی لە سەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق دەبێت .
سەرۆکی حکوومەت کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز خستەڕوو.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش، سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافە ڕەواکانی داوە، بۆیە ئامادە نییە لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی ببێت. خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور دووپات کردەوە.
گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەرییەکانی نەرێنییەکانی لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بایەخدان بە وزەی ژینگەدۆست و پاک و جێگرەوە و برەودان بە وەبەرهێنانی ئەمەریکی و گرنگیدان بە کەرتی تایبەت، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون کە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەلینا ڕۆمەناوسکی و ئیرڤ ھیکس كونسولی گشتیی ئهمهریكا له ههرێمی كوردستان ئامادەی بوون.