مستەفا دۆلەمەری-زاری کرمانجی:
زانستی نانۆ زانستێکی زۆر سەردەمیانەیە لە ئێستادا لە هەموو دونیادا کاری لەسەر دەکرێت. یەکێکە لە زانستە هەرە پێشکەوتووەکان، نانۆ بە چاو نابینرێت، بەڵام بە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا کۆمەڵێک ئامێر پەیدابوون وەکو مایکرۆسۆفی کە توانرا بەهۆی ئەو ئامێرە لەو زانستە نزیک ببنەوە و لێکۆلینەوەی لەبارەوە بکەن، دواتر بۆیان دەرکەوت کە ئەو زانستە یەکجار پێشکەوتووە و لەسەر ئەو بنەمایەش گرینگییەکی زۆر بەو زانستە درا.
پ. د. سەمیر عەزیز مستەفا، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی سۆران، بە زاری کرمانجی راگەیاند:” وەک زانکۆی سۆران هەوڵمان دایە سوود لە زانستی نانۆ وەربگرین، خۆشبەختانە تاقیگەکانی زانکۆی سۆران هەموو ئامێرێکی پێشکەوتوو سەردەمیانەی هەیە بۆ کاری توێژینەوە و پەرەپێدانی زانستی نانۆ، بە سود وەرگرت لەو ئامێرانە ئێمە توانیمانە چەندین پڕۆژەی زانستی دەست پێبکەین زۆربەی پرۆژەکانیش بەرهەمدارن، یەکێک لەو پڕۆژانە پرۆژەی پاککردنەوەی ئاوە، بێگومان ئاوی پیس گرفتە بۆ هەموو دونیا و زۆرترین تەکنەلۆژیاش بەکارهێنراون بۆ پاککردنەوەی، بەڵام ئێمە بە ڕێگەی نانۆ تەکنۆلۆجی توانیمانە ئاوی پیس پاک بکەینەوە بە کواڵیتییەکی زۆر باش، ئەو پرۆژەیەش پرۆژەی قوتابییانی خوێندنی باڵای ماستەر و دکتۆرایە، و ئەو بوارانەی کە ئێمە کاری لەسەر دەکەین لە بواری کیمیایی، فیزیایی، بایۆلۆجی، ئەندازیاری، زەوی و GIS، لە ئێستادا لە هەوڵداین بزانین کە کێشەکانی کۆمەڵگە لە کوردستاندا چین و بیخەینە ناو توێژینەوە زانستییەکانمان بۆ ئەوەی کۆمەڵگە و حکومەت سودی لێوەربگرێت، بە تایبەتی کەمکردنەوەی وزەی کارەبا.”
گوتیشی:” سە نتەری توێژینەوەی زانستیی زانکۆی سۆران لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و لە باشترینەکانی سەر ئاستی کوردستانە لە بواری نانۆ تەکنۆلۆجی، لەبەر ئەوەشە لە ئێستادا هەموو زانکۆکانی کوردستان پەیوەندیمان پێوە دەکەن و دەلێن هیوادارین بتوانین کار لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانکۆی سۆران بکەین. لە ساڵی ٢٠١٧ ئێمە دەستمان بە کارکردن لە بواری زانستی نانۆ کرد، پێنج ساڵە تەمەنی نانۆ تەکنۆلۆجی لە زانکۆی سۆران، لەو ماوەیەشدا زۆرترین پرۆژە کاری لەسەر کرایە، لە ئێستاشدا هەندێک لە پڕۆژەکانمان ئامادەن بچنە ناو بازاری کار، لە ماوەی پێنج ساڵ نزیکەی ٣٠٠ بڵاوکراوەی زانستی لەسەر نانۆ لە باشترین گۆڤارەکانماندا هەیە، کۆمەڵێک قوتابیانی ماستەر و دکتۆرامان هەنە کە ١١ قوتابی دکتۆرامان و لەسەر یانزە پرۆژەی جیاواز کار دەکەن، حەوت قوتابی ماستەریشمان هەیە و ئەوانیش لەسەر حەوت پرۆژەی جیاواز کار دەکەن، بەپێی رێنمایەکانی خوێندنی باڵا پێویستە قوتابی ماستەر ، دکتۆرا، یەک توێژینەوەی هەبێت یاخود دوو توێژینەوە، بەڵام ئێمە شێکی جیاوازترمان کرد و هەر قوتابی ماستەر زیاتر لە سێ توێژینەوەی هەبوو، دوو قوتابی دکتۆرا لە بواری ئەندازیاری کە بە زانستی نانۆ دەستیان پێکردووە یەکێکیان زیاتر لە ٩ توێژینەوەی هەیە ئەوەی تریش ٥ توێژینەوەی هەیە و بەگشتییەکەی ئێمە نزیکەی ٥٠ توێژینەوەمان هەیە.
