دیدار-محەمەد هەسنانی
رەجەب زبێر حارس، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دا تیشكدەخاتە سەر كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و بەرنامە و پلانی داهاتوویان. دەڵێت: هەوڵ دەدەین گرنگی زیاتر بە رێكخستن و جوانتر كردنی سیمای ناوەندی شار بدەین، لەگەڵ ئەوەش ساڵی رابردوو 68 پڕۆژە لە سنوورەكە جێبەجێ كراون.
قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، دیاركرد: سنووری قەزای ناوەندی سۆران فراوانە، رێژەی دانیشتووانەكەی رۆژبەرۆژ لە زیادبوونە، سنووری قەزاكەمان جگە لە سەنتەری شار دوو ناحیە و چەندین گوند لەخۆ دەگرێت، پێشووتر ناحیەی سیدەكانیش سەر بە قەزای ناوەندی سۆران بوو، بەڵام ئێستا بۆتە قەزاو رێكارە یاسایی و ئیدارییەكانی بەردەوامە، ئامانجمان پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بە دانیشتووانی سەنتەری قەزاكەمان و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەر لەسەرجەم سێكتەرەكاندا، هەروەك پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان ئەوە بەرنامەی سەرەكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.
قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، ئاماژەی بەوەدا: ئێستا كە وەرزی زستان و سەرمایە، وەك بەرنامەی ساڵانە زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان راگیراون، تا وەرزی بەهار ئەوكات دەست پێدەكەنەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە بەتایبەتی قیڕكردن و كۆنكرێت و هەندێك پێكهاتەكانی دیكەی تایبەت بە پڕۆژەكان بەهۆی ساردی و سەرما سەركەوتوو نابن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك پڕۆژە بەردەوام هەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان كێشە و گرفتیان بۆ دروست نەبێت خزمەتگوزارییەكان پێشكەش دەكرێت، وەك لابردنی ئاستەنگەكانی سەر شەقام و رێگاكان بەتایبەت لەكاتی رووچوون و هاتنە خوارەوەی بەرد و خۆڵ، هەروەها لە كاتی دروستبوونی لافاو كۆبوونەوەی ئاو، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەكانی راماڵینی بەفر و چەند خزمەتگوزاریەكی دیكەی رۆژانە.
رەجەب زبێر حارس، گوتیشی: لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان سەرقاڵی ئامادەكردنی پلانێكی توكمەین لەسەر ئەو ناوچانەی كە خزمەتگوزاریی كەمیان پێگەیشتووە، هەروەها هەوڵ دەدەین گرنگی زیاتر بە رێكخستن و جوانتركردنی سیمای ناوەندی شار بدەین، ئەو پڕۆژانەش كە دەست بەكارەكانیان كراوە هەوڵی تەواو كردنیان بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگی بە كەرتی رێگاوبان دەدەین، بەتایبەت تەواوكردنی ئەو شەقام و رێگا گشتییانەی كە لە سەنتەری شار دروست دەكرێن، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتودا جەنجاڵی ناو شار كەمتر ببێتەوە، هەروەها گرنگی دان بە كەرتی تەندروستی و پەروەردە و سەرجەم سێكتەرەكانی دیكە، بە گشتی دەمانەوێت دەستی خزمەتگوزاری بگات، بە هەموو شوێنێك كە پێویستی پێیەتی بەپێی پلان و بەرنامەو جێبەجێ كردنیان قۆناخ بە قۆناخ، بەپێی ئەو ئیمكانیاتە و بوودجەیەی ساڵانە بۆمان تەرخان دەكرێت.
قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، زیاتر دەڵێ: دوای راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە ساڵی رابردوو لە شار و شارۆچكە و گوندەكانی ئیدارەی سۆران بەرەو پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیووە، لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران و ناحیە و گوندەكانیش چەندین پڕۆژەی گرنگی خزمەتگوزاری جێبەجێكراون و كاروانی پڕۆژەكانیش بەردەوامیان هەیە، لە كۆی بوودجەی بەردەستی ئیدارە كە لە هەر دوو بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و وەبەرهێنان كە تایبەت بوو بە وەزارەتەكان، نزیكەی 23 ملیار دینار بووە، 53% بەر سۆران كەوتبوو، لەو گوژمەیە 44% بەر كەرتی رێگاوبان كەوتبوو، ئەوەی دیكەش لە سێكتەری ئاو، كارەبا، دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی بیناو سێكتەرەكانی دیكە خەرج كراوە، بەگشتی لە سنوورەكەمان 68 پڕۆژەمان هەبوو، زۆربەیان تەواوبوونە بەشێكی ماوە كە ئەوانیش لە قۆناخی كۆتاییدان لەبەر ئەوەی وەرزی سەرمایە رادەگیرێن و لە مانگی چواری داهاتوو دەست بەكارەكانیان دەكرێتەوە، هەروەها پڕۆژەی نوێشمان لە بەرنامەو پلاندایە بۆ داهاتوو.
رەجەب زبێر حارس، ئاشكراشی دەكات: لەگەڵ ئەنجامدان و جێبەجێ كردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، بە هاوكاری ئیدارە و شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە، چاودێڕی پڕۆژەكان دەكرێت، لە رووی كواڵَێت و شێوازی ئەنجامدانیان، سەرپەرەشتیاری ئیدارەی سۆران، لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی زیاتر و لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی جێبەجێكردنیان، هەر بەڵێندەرێكیش پابەند نەبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دوای بە ئیدارەبوونی سۆران و دەستبەكاربوونی هەندێك لە قایمقامەكان، گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەرەكان و بەرپرسی فەرمانگەكان دەكرێت، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، رایگەیاند: گۆڕانكاری شتێكی ئاساییە و بەردەوام هەیە، ئەمساڵیش گۆڕانكاری لە هەندێك پۆستی بەڕێوەبەرەكان دەكرێت، ئەوەی زۆر بەلامانەوە گرنگە ئەو كەسەی پۆستێكی پێدەدرێت لە ئاست داخوازی بەرژەوەندی گشتی بێت و بتوانێت خزمەتی خەڵك بكات”.