سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: كار دەكەین بۆ ئەوەی سۆران ببێتە پارێزگا
پشتیوان كەریم – سۆران:
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە دیدارێكی تایبەتی زاری كرمانجی دا، باس لە پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان دەكات و دەڵێ: لە ساڵی نوێ پەیامی ئێمە گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاترە بە هاووڵاتییانی ئیدارەی سۆران، هەروەها كاراكردنی دوو هێڵی گەرمی پەیوەندییە بۆ كار ئاسانی هاووڵاتییان.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: پەیامی ئێمە گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاترە بە خەڵكی سنووری ئیدارەی سۆران، كار لەسەر گیروگرفتەكانی رابردوو دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین زاڵبین بەسەر ئەو تەگەرانەی هەبوون هەم لە رووی ئیداری، هەم لەرووی میكانیزمی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، هاوكات ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژی لە سنوورەكە جێبەجێ دەكرێن، كە ساڵی رابردوو دەرفەت نەبوو، ئەمساڵ هیوامان وایە لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران و قەزاكانی دیكە جێبەجێ بكەین و پێشكەوتنێكی بەرچاویش لە رووی ئیدارییەوە بێنینە كایەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، ئاماژەی بەوەشكرد:”بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر روون و ئاشكرایە، میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە لە پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی تر لەوانەیە جیاواز بێت، دەمانەوێت بە میكانیزمی خۆمان بەرنامەی كابینەی نۆیەم لە سنوورەكە جێبەجێ بكەین بەرنامەمان بۆ داناوە ئەمساڵ زۆر باشتر دەبێت، ساڵی رابردوو یەكەم ساڵمان بوو ئەو پڕۆژانەی لە ساڵی یەكەمەوە وەك ئیدارەی سەربەخۆ كارمان لەسەر كرد، دڵخۆشكەر بوون، چونكە لە پێش تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بووین، لە رووی ئەنجامدانی پڕۆژە، لەرووی جێبەجێ كردنیشیان تا رادەیەكی زۆر كاری باش ئەنجامدرا، بەڵام لەرووی میكانیزمی كواڵێتی، من خۆم تێبینیم هەبوو.
هاوكات سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر بارودۆخی سیاسی لەبار بێت، دەمانەوێت ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەكی تازە جێبەجێ بكەین، كابینەی نۆیەم هەم لەرووی پێدانی مووچە، هەم جێبەجێ كردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری كاری باش كراوە، ئەمساڵ پاركێكی گەورە دروست دەكرێت كە لە ئێستادا خەریكی دیزانی پاركەكەین، لەگەڵ چەند پڕۆژەیەكی دیكە، هەروەها هەوڵدەدەین لە داهاتوودا سۆران وەك پارێزگا بناسێنین و مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، هاوكات ئەمساڵ ماستەرپلانێكی گەشتیاری دادەنێین، پێویستە كەرتی گەشتیاری لە سنوورەكە بچێتە قۆناغێكی نوێ و ئەو سێكتەرە لە لۆكاڵییەوە بكەینە نێودەوڵەتی.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، لە بارەی هێڵە گەرمەكان دیاركرد: دانانی دوو هێڵی گەرم چەند ئامانجێكی لە پشتە، ئیدارەی سۆران سۆشیاڵ میدیای هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو كەس هەی بێت و بتوانێت بەكاری بهێنێت میكانیزمی نێوان هاووڵاتی و كەسی یەكەمی شار زۆر پێویستە و خەڵك داوا دەكات، داواكاریەكانی بگەیەنێتە سەرپەرشتیار، زۆر داواكاری هاووڵاتییانیش رەنگە بۆ لای سەرپەرشتیار نەبێت، بەڵكو بۆ بەشە و دامەزراوەكانی دیكە بێت و خەڵك وەك پێویست خزمەتنەكرابێت و كاری بۆ نەكرابێت، بتوانین كاری لەسەر بكەین، رۆژانە لە رێگەی ئەو هێڵەوە لە لایەن تیمێكەوە داواكاری خەڵك وەردەگرین و لە رێگەی تیمەكانەوە چارەسەری دەكەین، گەر پێویستی بەخودی سەرپەرشتیار بێت راستەوخۆ كاری لەسەر دەكەم، هەروەها لە داهاتووشدا داتا و داواكاری هاووڵاتییان لە چ روویەك زیاتر بێت كاری لەسەر دەكەین هەموو پەیوەندیەكان و داواكاری خەڵكیش دەگات بەمن، بۆیە هەم هاووڵاتی سوودمەند دەبێت و گرفتەكەی چارەسەر دەبێت، هەمیش فەرمانگەكان كاری لەسەر دەكەن ئەم هێڵەش بۆ تەواوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە”.