شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
گۆرانیبێژی بەناوبانگی فارسی ئیبراهیم حامدی ناسراوە بە (ئێبی)، بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ئێرانییەکانی کرد لە واشنتن، بۆ کەناڵی VOA Kurdish لەبارەی کوردەوە قسە دەکات و دەڵێت: “من شانازی بە کوردەکانەوە دەکەم و هەمیشە دۆستی ئەوان بوومە و دەرفەتی ئەوەم هەبووە کە لە نزیکەوە بیانناسم و لەگەڵیان ئاشنا ببم، شانازی بە بوونیان و ئەو ڕووبەڕووبوونەیان دەکەم، هەمیشە و لە ئێستاشدا بەهۆی ئەو ئازایەتی و مەردایەتیی هەیانە دۆستیانم.”
ئێبی گۆرانیبێژ هەوادارێکی زۆری هەیە لە جیهان و ساڵی 2013 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر کۆنسێرتی ساز کرد و لەم دوایانەش لە بەرهەمێکی هونەری بۆ پشتگیری لە خەڵکی ڕاپەریووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران، شان بە شانی هونەرمەندی کورد ناسری ڕەزازی دەرکەوت .