موڕشید برادۆستی – سۆران:
ماوەیەکە لە قەزای سیدەکان و ئیدارەی سۆران، دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە کە بریکارەکانی خۆراک پارەی زیادە لە هاووڵاتییان وەردەگرن، زاری کرمانجی بە دواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و بریکار و بەڕێوەبەری کۆمپانیای خۆراکی سۆران زانیاری دەخەنەڕوو.
عەزیز سیدەکەیی بریکاری خۆراک، بە زاری کرمانجی گووت:” زیاتر لە 1200 هاووڵاتی خۆراک و ئاردیان لای ئێمەیە، بۆ هەر کەسێک لەبەرامبەر پێدانی ماددەکانی خۆراک و ئارد هەزار دیناریان لێ وەر دەگرین .
زیاتر گووتی:” ئێمە هیچ بڕە پارەیەکی زیاددەمان وەر نەگرتووە، ئەو پارەیە دیاری کراوە و هەموو بریکاران بەم شێوەیە لە هاووڵاتییان وەریدەگرن.
محەمەد جەلال بریکارێکی دیکەی خۆراکە، دەڵێ:” ئێمە وەک بریکار کە تەنها خۆراکمان لایە و ئارد لای بریکارێکی دیکەیە، بۆ هەر هاووڵاتییەک بری 750 دینار وەردەگرین، ئاردیش لای بریکارێکی دیکە 250 دینار وەردەگرێت، واتە به ئارد و خۆراک هەزار دینار وەردەگیرێت.
دووپاتی کردەوە:” لەگەڵ دابەش کردنی خۆراک کە 250 کەس لای ئێمەیە، پێویستە لە بنکەی خۆراکی سۆران لیست بهێنیینەوە، مانگانه نزیکەی 100 هەزار دینار تەنها بۆ لیست و پسوولە بە بنکەی خۆراک دەدەین .
لای خۆیەوە، حوسێن محەمەد بەڕێوەبەری کۆمپانیای خۆراکی سۆران، بەزاری کرمانجی راگەیاند:” بەپێی یاسایی حکوومەتی عێراقی وەرگرتنی پارەی خۆراک و ئارد لە هەر هاووڵاتییەک نابێ لە 500 دینار زیاتر بێ، بەڵام ماوەیەکە گۆڕانکاری لە شێوازی دابەش کردن و بڕی پارەکە کراوە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای خۆراکی سۆران، روونی دەکاتەوە:” بریکارەکانی خۆراک بۆ دابەش کردنی ئارد و خۆراک بۆ هەر هاووڵاتیەک دەبێ نزیکەی 470 دینار بدەنە وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەمەش رێژەیەکی زۆرە و هۆکارە بۆ ئەوەی لە 500 دینار زیاتر لە هاووڵاتییان وەربگیرێت، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی بڕیارەکە بێت بریکاران بۆ هەر هاووڵاتییەک تەنها کەمتر لە 30 دیناریان بۆ دەمێنێتەوە چونکە بەشێکیان دوکانیشیان بەکرێ گرتووە.
گووتیشی:” پێشتر بریکارانی خۆراک و ئارد مانگانه سەردانی ئێمەیان دەکرد و لیستی دابەش کردنی خۆراک و ئاردیان دەبرد، دووای تەواو بوون بڕە پارەیەکی دیاری کراویان دەگەڕاندوە، بەڵام ئێستا شێوازەکه گۆڕاوە و بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەکە زیاد کراوە و دەبێ پێشەکیش پارە بدەن و رەوانەبکەن، ئەوکات لە ماوەی 24 تا 72 کاتژمێر خۆراک و ئاردیان پێدەگات.
مانگانە بەشە خۆراکی هاووڵاتییان پێکدێت لە برنج، شەکر، زەیت، دۆشاوی تەماتە، نیسک، ئالینۆک و ئارد، بڕیاریش وایە، چەند ماددەیەکی دیکەی خۆراک زیاد بکرێن.