زاری كرمانجی – هەولێر:
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، كار و چالاكییەكانی ساڵی ٢٠٢٢ی ڕاگەیاند.
عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆكی دەستە، باسی لەو كارانە كرد كە لە دەستەی ژینگە ئەنجامدراون؛ هەر لە دەرچوونی ڕێنماییەكان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكان و پلانی كاركردنی داهاتوو و كردنەوەی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە و كردنەوەی فەرمانگەكانی سۆران و زاخۆ لە داهاتوودا .
دواتر گوتەبێژی دەستە سەرجەم ئەو ئامارانەی خستنەڕوو كە لە ساڵی 2022 لە بواری پاراستن و چاككردنی ژینگەدا كۆكراونەتەوە.
لە بواری ڕەزامەندیدان بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، نیشتەجێبوون، بازرگانی، کشتوکاڵی، تەندرووستی… لە هەولێر ڕەزامەندی لەسەر ١٢٥٣ پڕۆژە دراوە. لە سلێمانی ٩٠٢ پڕۆژە ڕەزامەندی دراوەتێ و لە شاری دهۆك ٣٢٢ پڕۆژە و لە هەڵەبجە ١٨ پڕۆژە و لە ئیدارەی ڕاپەڕین ١٤١ پڕۆژە و و لە گەرمیان ٢٣٢ پڕۆژە رەزامەندییان پێدراوە. بەوەش كۆی گشتیی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەكان كە مەرجەكانیان تێدابووە ٢٨٦٨ پڕۆژە بوونە.
لەڕووی ڕەتکردنەوە و پێنەدانی ڕەزامەندی بۆ پڕۆژەکان، کە لەگەڵ یاساو رێنماییەکانی تایبەت بە ژینگە نەگونجاون، لە هەولێر هیچ پڕۆژەیەك ڕەتنەكراوەتەوە. لە سلێمانی ١١ پڕۆژە، لە دهۆك ٣ پڕۆژە رەتكراونەوە. لە هەڵەبجەش هیچ پڕۆژەیەكی ڕەتكراوە نەبووە. هاوكات لە ئیدارەی ڕاپەڕین ١٣ پڕۆژە
و لە گەرمیان ٣ پڕۆژە ڕەتكراونەتەوە، بەوەش لە كۆی گشتییدا ٣٠ پڕۆژە رەتكراونەتەوە.
لە بواری كەیسە یاساییەكاندا، لە هەولێر ٦٦ كەیسی دادگا و ١٣ ئاگاداركردنەوە و 23 سزا و پێبژاردن و ٥٢٧ بەڵیننامە هەبوونە. لە شاری سلێمانییش، ٢٠٢ کەیسی دادگا هەبووە و ٣٧ کەیسی سزا و پێبژاردن و ٩١٠ کەیسی بەڵێننامە و ٢١٩ ئاگاداركردنەوە هەبوونە. لە شاری دهۆكیش، ٦٥٠ کەیسی بەڵێننامە و ٤٣ کەیسی پێبژاردن و سزا هەبوونە. لە هەڵەبجەش 8 كەیسی دادگا هەبووە. ٢٤ کەیسی بەڵێننامە و ٢١کەیسی پێبژاردن و سزا هەبووە. لە ڕاپەڕینیش ٣ کەیسی دادگا و ٦٥ بەڵێننامە هەبووە. لە گەرمیان ٢ کەیسی دادگا و ٨ سكاڵا هەبووە.
لە پرسی بەدواداچوونی لیژنەکان بۆ ئەو پڕۆژانەی ڕەزامەندیی ژینگەییان وەرگرتووە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی مەرج و رێنماییە ژینگەییەکان. لە هەولێر ٧٣٤ پڕۆژە پشکنین و بەدواداچوونیان بۆ کراوە، لە سلێمانی ١٩٠١ پڕۆژە، لە دهۆك ٢٠١٦ پڕۆژە، لە هەڵەبجە ٥٠ پڕۆژە، لەگەرمیان ٧٦ پڕۆژە، لە ڕاپەڕین ١١٨ پڕۆژە ڕەزامەندیی ژینگەییان وەرگرتووە. كۆی گشتیی ئەو پڕۆژانەی لەو ماوەیەدا پشکنین و بەدواداچوونیان بۆ کراوە ٤٨٩٥ پڕۆژە بووە.
لەڕووی پشكنین لەتاقیگەکانی دەستەی ژینگە، كۆی گشتیی ژمارەی نموونەکان ٣٢٥٨ نموونە و کۆی گشتیی جۆرەکانی پشکنین ٢٨٨٢٨ پشکنین بووە.
لەبری سەوزکردن بۆ ئەو پڕۆژانەی پێش یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ ی ژینگە دامەزراون یان بەهەر هۆکارێک ڕەزامەندیی ژینگەییان وەرنەگرتووە و لەئێستادا کار دەکەن، شوێنی سەوزکردنیان نییە لە پڕۆژەکەدا، ١٥٥١٠٠ م٢ بووە کە دەکاتە زیاتر لە ٦٢ دۆنم.
هەروەها لەڕووی دۆزینەوەی هەلی کارو دامەزراندنی دەرچووانی ژینگە لە سەر پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و بەپێی ڕێنمایی (١)ی ٢٠٢٢، ٦٦ دەرچوو وەکو چاودێر لەسەر پڕۆژەکان دانراون.
هەروەها داهاتی کۆکراوەی گشت فەرمانگەکانی دەستە لە ماوەی شەش مانگدا ٩٣٥ ملیۆن و ٥٢١ هەزار دینار بووە.
ئەوەشی پەیوەندی بە هەڵمەتی هۆشیاری و پێدانی ڕێنمایی ژینگەیی بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی کوردستانەوە هەبووە، ١١٦٦ چالاكیی جۆراوجۆر كراون.