مستەفا دۆلەمەری- مێرگەسۆر :
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لە سنووری پەروەردەی قەزای مێرگەسۆر ٢٢ قوتابخانە سەر خۆڵ و کابینەن کە قوتابییان لە ناویان دەخوێنن تەواوی ئەو قوتابخانانە پێویستان بە بینایەی چوار پۆلی یاخود شەش پۆلی هەیە بە پێی ڕێژەی قوتابییانی قوتابخانەکان، زیاتر ئەو قوتابخانانەش دەکەونە گوندە دوورە دەستەکانی سنووری ناحیەی شێروان مەزن ، پیران و ناحیەی مەزنێ.
ئەحمەد محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر گوتی:” بە ناچاری قوتابییانی ئەو گوندانە لەو کابینانە دەخوێنن تا وەکوو بینایان بۆ دروست دەکرێین، وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدان کە بینایە بۆ ئەو قوتابخانانە دروست بکرێن بە شێوازێکی باشتر تا وەکوو ئەو قوتابییانە بتوانن بە شێوازێکی ئاسوودەتر بخوێنن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، ئاماژەی بەوەشدا:” یەکێک لەو قوتابخانانە قوتابخانەی موسەکاوەیە لە سنووری ناحیەی مەزنێ کە قوتابییانی ئەو گوندە لە ناو سێ کابینەدا دەخوێنن و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خۆم سەردانی ئەو قوتابخانەیەم کرد و و هاووڵاتییانی گوندەکەش داوای دروست کردنی بینایەیان کرد بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بتوانن لە ناویدا بخوێنن، ئێمەش وەکوو بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر داواکاری ئەوانمان گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار و قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر و هیوادارین زۆرترین قوتابخانە بێنە دروستکردن لە وەرزی هاوین بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ / ٢٠٢٤.