چراخان ئەحمەد – زاری کرمانجی:
وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق بڕیاری دا بە زیادکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، بەڵام هەر وەکوو بەڕێوەبەری کۆمپانیای خۆراکی سۆران ئاماژەی بۆ دەکات تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەم بارەیەوە بە دەست ئەوان نەگەیشتووە و لیستی بەشە خۆراکیش هەروەکوو خۆیەتی و هیچی بۆ زیاد نەکراوە.
حوسێن محەممەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای خۆراکی سۆران لەمبارەیەوە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” دەنگۆ هەیە سەبارەت بەزیادکردنی چەند جۆرێکی دیکەی خۆراک وەک (شیر و فاسۆلیا….)، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەم ماددانە زیاد نەکراوە، هەر کاتێک زیادبوو، ئەو کات ئێمەش دابەشی سەر هاووڵاتییانی دەکەین،”
لە بارەی گلەیی هاووڵاتییان سەبارەت بە زوو نەگەڕانەوەی ناوەکان لە لیستی بەشە خۆراک، بەڕێوەبەری کۆمپانیای خۆراکی سۆران دەڵێ:” ئەوانەی ناویان تۆمار دەکرێت زیاتر منداڵن و تاوەکوو تەمەنی سێ مانگی شمولی فۆرمی بەشە خۆراک ناکات”.