وەرزش ـ زاری كرمانجی:
دوای پەیوەندیكردنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەنەسری سعوودییەوە، فۆكسی راگەیاندن كەوتوەتە سەر ئەو یانەیە، میدیاكان بەچڕیەوە لە وردەكاری یانەكە دەكۆڵنەوە.
بەگوێرەی زانیاری چەند سەرچاوەیەك، گەنجێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان بوەتە وەرگێڕی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەیانەی نەسری سعوودی.
مەحموود حەنان، تەمەن ٥٠ ساڵ، خەڵكی شاری عەفرین، 8 زمان دەزانێت، كە بریتین لە زمانەكانی سڕبی، كڕواتی، ئینگلیزی، بۆسنی، ئیسپانی، رووسی و عەرەبی، جگە لەزمانی دایكی، زمانی كوردی.
مەحموود حەنان، بوەتە وەرگێڕی ئەفسانەی پۆرتوگالی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سعوودییە.
لەبارەی ئەو دەسكەوتەوە بەمیدیاكانی گوتووە، “وەك كوردێك شانازی دەكەم، بەوەی بومەتە وەرگێڕی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، گرنگە كاركردن لەپاڵ گەورەترین ئەستێرەی جیهان.”
مەحموود حەنان، لە ساڵی 1999 پەیوەندی بە یانەی نەسری سعودییەوە كردووە، لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2002 لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی كاری كردووە، دواتر لە ساڵی 2007 گەڕاوەتەوە یانەی نەسر پێش ئەوەی بچێتە یانەی ئەلیتحاد لە شاری جدە.