زاری کرمانجی :
چاوەڕێ دەکرێت ئەڵمانیا ببێتە 12 ەمین وڵات کە دەنگ لەسەر بە جینۆسایدناساندنی پرسی کوردانی ئێزدی بدات.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف باس لەوە دەکات تا ئێستا پەرلەمانی ١١ وڵات دەنگیان لەسەر بەجینۆسایدناساندنی پرسی کوردانی ئێزدی داوە و ئەگەر ئەڵمانیاش بڕیار بدات کاریگەریی دەبێت بۆ سەر پرسەکە.
سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بڕیارە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر پرسی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی بدات، بڕیاردان لەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە جیهاندا، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتێکی وەک ئەڵمانیاوە کە بەگشتی لەسەر ئاستی جیهان سەنگی خۆی هەیە.”
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان دەشڵێت: “لە ئەڵمانیا ٢٥٠ هەتا ٣٠٠ هەزار کوردی ئێزدی هەن، لەبەر ئەوەش بۆ ئێمەی کوردانی ئێزدی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا گرنگیی خۆی هەیە.”
هەر وەکوو بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف هێمای بۆ دەکات سعود مستۆ ئاماژەی بۆ دەکات پەرلەمانی ١١ وڵاتی ئەورووپی دەنگیان داوە لەسەر بەجینۆسایدناساندنی ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزدی هاتووە و ئەوەش دەڵێ:” هەوڵەکانی ئێمەش چ وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و چ وەکوو کوردانی ئێزدی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پرسی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنرێت.”