مەهدی محەممەد – ڕواندز :
پرۆژەی گۆڕینی تۆڕی ئاوی مێگر بۆ حەوزی کانی ماران کە درێژییەکەی 4308 مەترە و لە لایەن کۆمپانیای لاین و لەسەر گوژمەی ئیدارەی سۆران بە بڕی 362 ملیۆن دینار جێ بە جێ دەکرێت، لە قۆناخی کۆتایی دایە و بەرپرسی ئاوی ڕواندز یش ئاشکرای دەکات بە تەواوبوونی پرۆژەکە زیاتر لە 120 زێدەڕۆیی هاووڵاتییان نامێنێت.
هۆگر مەلا محەممەد بەرپرسی ئاوی ڕواندز لەبارەی پرۆژەکەوە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” گۆڕینی تۆڕی ئاوی مێگر پرۆژەیەکی گرنگە بۆ شارەکە، بە تایبەت کە بۆرییەکە لە 6 ئینج بووە بە 10 ئینج و هەروەها ڕێڕەوەکەشی گۆڕاوە کە ئەوەی پێشوو بە نێو کۆمەڵگەی لاوان و ڕەزو و باخەکانی کانیەقوڕ تێپەڕ ببوو، کە ئەمەش وای کردبوو 100 بۆ 120 سەرپێچی بکرێتە سەر لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەوەش کۆتاییان پێ دەهێت، ئێستا ڕاستەوخۆ ئاوەکە لە ڕێگەی ئەو پرۆژییەوە دێتە ناو حەوزەکە و بۆڕییەکە بە نێو فەرمانگەی ئێمە تێپەڕ دەبێت تا دەگاتە سەر ڕێگای ڕواندز – بێخاڵ، کە هەمووی بەرچاوە و دەتوانین چاودێری زیاتری بکەین”.
هۆگر مەلا محەممەد باس لەوە دەکات بە تەواوبوونی پرۆژەکە، لە وەرزەکانی بەهار و پاییز و زستان کەمتر پێویستیان بە ئاوی بێخاڵ دەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە ئاوی مێگر ببینن.
بەرپرسی ئاوی ڕواندز داواکاریشە لە هاووڵاتییان هاوکاری پرۆژەکە بکەن و هەوڵ بۆ زێدەڕۆیی نەدەن، بۆ ئەوەی بێ جیاوازی ئاو بگاتە هەر ماڵێک.